کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پاساوهێنانەوەی ڕێژیمی ئێران بۆ ڕەتکردنەوەی ئەندامیەتی لە گلاسکۆ

17:58 - 19 خەزەڵوەر 2721

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٩ی خەزەڵوەر، "عەلی سەلاجقە" سەرۆکی ڕێکخراوی پاراستنی ژینگەی ڕێژیمی ئێران بۆ جارێکی دیکە پێشنیاری وڵاتانی جیهانی سەبارەت بە ئەندامبوون لە "گلاسکۆ" ڕەت کردەوە و پاساوی هێناوەتەوە و وتوویەتی: "ئێمە بەهۆی گەمارۆکان و تێرۆریزمی ئابووری ناتوانین لە بواری گۆڕانکارییەکانی کەش و هەوا هاوکاریی وڵاتانی جیهان بکەین".

ئەوە لە حاڵێکدایە کە پێشتر "حەسەن ڕووحانی" سەرکۆماری پێشووی ڕێژیمی ئێران لە مانگی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٩٧ی هەتاوی هاوکاریی نێودەوڵەتی سەبارەت بە کەمکردنەوەی گازی گوڵخانەیی ڕەت کردبووەوە.

وێڕای ئەوەی کە ئێران خاوەن ئابوورییەکی باش نییە، بەنیسبەت بڵاوکردنەوەی گازی گوڵخانەییش لە پێڕستی دە وڵاتی یەکەمی جیهاندایە.

سەرۆکی ڕێکخراوی پاراستنی ژینگەی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی: "لە ئەگەری ئەوەیکە ئێمە ببینە ئەندامی گلاسکۆ بەڵام نەتوانین هیچ یارمەتییەکی ماڵی و پسپۆڕانە لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وەربگرین، چۆن دەتوانین بەڵێنییەکانی خۆمان لەهەمبەر کەمکردنەوەی گازی گوڵخانەیی بێنینە بواری جێبەجێکردنەوە".