کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پاساوێکی ناڕەوا بە مەبەستی پشتیوانی لە بنەماڵەیەکی جاش لەلایەن فەرمانداری پیرانشارەوە

12:54 - 3 پووشپەڕ 2720

پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵی هێرشی بنەماڵەیەکی سپایی بۆ سەر یەکێک لە کادرە دەرمانییەکانی نەخۆشخانەی پیرانشار و بریندارکردن  و کوێرکردنی چاوی ئەو کادرە دەرمانییە، فەرمانداری شاری پیرانشار، کوێرکردنی ئەو کادرە دەرمانییەی ڕەت کردەوە.

"عەلی تورابی" لە وتووژێک لەگەڵ هەواڵدەریی "تەسنیم" نزیک لە سپای تێرۆریستی پاسداران ڕایگەیاند: "دەرهێنانی چاوی ئەو کادرە پزیشکییە دوورە لە ڕاستی، هەرچەند کە چاوی ئەو کادرە دەرمانییە، زیانی پێ گەیشتووە، بەڵام کوێر نەبووە".

ئەو وتانەی فەرمانداری شاری پیرانشار لە حالێکدایە کە خۆی لەو وتووێژەدا، باسی لە زیانپێگەیاندنی چاوی ئەو کادرە دەرمانییە لەلایەن بنەماڵەی باپیرییەوە دەکات کە بەهۆی ناڕاحەتییەوە هێرشیان کردووەتە سەری".

ڕۆژی یەکشەممە ١ی پووشپەڕ، دوای ئەوەی کە جاشێک بە ناوی ''بایزید باپیری'' کوڕی ''حوسێن'' بەهۆی نەخۆشیی کۆرۆناوە لە نەخۆشخانەی پیرانشار دەمرێت، بنەماڵەکەی هێرش دەکەنە سەر ئەو نەخۆشخانەیە.

لە ئەنجامی هێرشی بنەماڵەی ئەو جاشە بۆ سەر ئەو کادرە دەرمانییە،  کادرە دەرمانییەکانی ئەو نەخۆشخانەیە لە پیرانشار دەستیان لەکار کێشاوەتەوە.