کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٦ پاسداری تێرۆریست کوژران

13:15 - 4 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر سووریە ژمارەیەک لە پاسدارەکانی سەر بە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران کوژران

چاودێری مافی مرۆڤی سووریە ڕۆژی ڕابردوو بڵاوی کردووەتەوە، لە ئەنجامی هێرشی مووشەکیی ئیسرائیل بۆ سەر سووریه شەش پاسداری ئەو ڕێژیمە کوژراون.

ئەو پاسدارانەی ڕێژیمی ئێران لەو هێزانە بوونە کە شان بە شانی هێزەکانی ڕێژیمی بەشار ئەسەد دژی ئۆپۆزیسیۆنی ئەو وڵاتە شەڕ دەکەن.

ئیسرائیل ڕێکەوتی ١ی گەلاوێژ هێرشی کردە سەر سووریە و چەندین پێگەی نیزامیی ڕێژیمی ئێران و حیزبووڵڵای کردە ئامانج.

لەسەرەتای ساڵی ٢٠١١ ئیسرائیل چەندین جار هێرشی کردووەتە سەر خاکی سووریه و لەو هێرشانەدا چەندین شوێنی نیزامی کە مۆڵگەی هێزەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بوونە، کراونەتە ئامانج و ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی سپای پاسداران کوژرا و بریندار بوون.

بەرپرسانی ئیسرائیل، لە جێگیربوونی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە سووریە ڕەخنەیان گرتووە و لە دروستبوونی "بەرەیەکی نوێ" بە دژی وڵاتی ئیسرائیل لە گوڵان لە لایەن ئەو ڕێژیمە و حیزبوڵڵاوە نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە.

به‌رپرسی "مووساد" پێشتریش باسی لەوە کردبوو، ڕێژیمی ئێران له ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوەڕاست له ئاژاوەنانه‌وه ‌و پاڵپشتی کردنی گرووپه تێرۆریستییه‌کان ڕۆڵی سه‌ره‌کیی هه‌یه و به‌ به‌رده‌وامی له هه‌وڵدایه ده‌سه‌ڵاتی خۆی له ناوچه‌که‌دا به‌ربڵاوتر بکاتەوە.