کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پاش بێنزین، کارەباش ڕووی لە گرانبوون کردووە

11:03 - 12 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: پاش کەمتر لە دوو مانگ لە گرانبوونی بێنزین لە ئێراندا، وتەبێژی پیشەی کارەبای ڕێژیمی ئێران، باسی لە گرانبوونی نرخی کارەبا لەو وڵاتەدا کردووە.

کەمێک پاش گرانبوونی بێنزین لە ئیراندا و ناڕەزایەتیی خەڵک و بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆیتێرز، کوژرانی ١٥٠٠ کەس لە خۆپیشاندانەکانی خەڵکی ئێران، "مستەفا ڕەجەبیی مەشهەدی"، وتەبێژی پیشەی کارەبای ڕێژیمی ئێران، باسی لە گرانبوونی ٧ تا ٢٣ لەسەدیی نرخی کارەبا کردووە.

"ڕەجەبی" ڕایگەیاندووە، لە یەکەمین ڕۆژی ساڵی هەتاویی داهاتووەوە، نرخی کارەبای تەواو بەکارهێنەران لە ئێراندا ٧ لەسەد و نرخی کارەبای بەکارهێنەرانی پڕتێچوو، جگە لە ٧ لەسەد، ١٦ لەسەدی دیکەش هەڵدەکشێت.

ناوبراو ڕوونی نەکردووەتەوە کە ١٦ لەسەدی نرخی کارەبای بەکارهێنەرانی پڕتێچوو، پاش حسێب کردنی ٧ لەسەدی نرخ، حسێب دەکرێت یان هاوکات لەگەڵیدا.

ئەگەر هەڵکشانی نرخی ١٦ لەسەد لەگەڵ ٧ لەسەدی هەڵکشانی نرخ حسێب بکرێت، بەکارهێنەران بەگشتی ٢٣ لەسەد هەڵکشانی نرخ بە خۆیانەوە دەبینن.

بەڵام ئەگەر ١٦ لەسەد هەڵکشانی نرخەکە، پاش حسێب کردنی ٧ لەسەد نرخی هەڵکشان حسێب بکرێت، بەکارهێنەران ٢٤.١٢ لەسەد هەڵکشانی نرخیان دەبێت.

ڕێژیمی ئێران، بەردەوام لە ڕێگەی گرانکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی خەڵکەوە گوشار دەخاتە سەریان و هیچ مەجالێکیش بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بە خەڵک نادات و ئەگەر ناڕەزایەتییەکیش سەر هەڵ بدات بەتوندترین شێوە سەرکوت دەکرێت.