کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پاش هەڕەشەی تاران لە سێئوول، کۆرەی باشوور باڵوێزی ئێرانی بانگ کرد

18:19 - 31 پووشپەڕ 2720

پاش هەڕەشەی ڕێژیمی ئێران لە کۆرەی باشوور بۆ سکاڵاکردن بەرانبەر بەو وڵاتە لە ناوەندە نێونەتەوەییەکان بەهۆی بلوکەکردنی پارەی نەوتی هەناردەکراو لە بانکەکانی ئەو وڵاتەدا، وەزارەتی دەرەوەی کۆرەی باشوور، باڵوێزی ئێرانی بانگ کرد.

"عەباس مووسەوی" وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی یەکشەممە ٢٩ی پووشپەڕ وتبووی: "ئەگەر چالاکییە دیپلۆماسییەکان دەرەنجامێکی نەبێت و بلوکەکردنی داراییەکانی ئێران لە کۆرەی باشووردا درێژەی هەبێت، سەرەڕای بانگکردنی باڵوێزی ئەو وڵاتە، لە ڕێگای ناوەندە نیونەتەوەییەکانەوە بەدواداچوون بۆ داواکارییە یاساییەکانی ئێران دەکەین".

ناوبراو بە تۆمەتبارکردنی کۆرەی باشوور بە هەبوونی پەیوەندیی "ئەرباب- ڕەعیەتی" لەگەڵ ئامریکا،  داواکاریی ئازادکردنی دەستبەجێی داراییەکانی ئێران بوو.

ڕۆژنامەی "تایمز" و هەواڵدەریی "یونهاپـ"ـی کۆرەی باشوور، ڕۆژی سێشەممە ٣١ی پووشپەڕ لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویان کردەوە کە بەدوای هەڕەشەکانی "مووسەوی"، وەزارەتی دەرەوەی کۆرەی باشوور "سەعید بادامچیی شەبستەری" باڵوێزی ڕێژیمی ئێرانی لە سێئوول بانگ کردووە.

وەزارەتی دەرەوەی کۆرەی باشوور بە بەداخبوون بۆ دەربڕینە "نابەجێیەکانـ"ـی مووسەوی ڕایگەیاند: "باڵوێزی ئێران بەو وەزارەتخانەیەی وتووە کە دەربڕینەکانی مووسەوی هەڵوێستی دەوڵەت نییە و خوازیاری ڕێککەوتنی سێئوول سەبارەت بەو بابەتە بووە.

لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە ٧ میلیارد دۆلار پارەی نەوتی ئێران لە سێپتامبری ساڵی پێشووەوە بەهۆی گەمارۆکانی ئامریکا لە دوو بانکی کۆرەی باشووردا بلوکە کراون.