کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پاش کوشتنی "فەخریزادە" ڕێژیم گوشاری بۆ خەڵکی کوردستان هێناوە

11:53 - 17 سەرماوەز 2720

پاش کوژرانی زانای ئەتۆمیی ڕێژیمی ئێران، گوشارەکان لەلایەن ڕێژیمەوە بۆ سەر خەڵکی کوردستان زۆر بووەتەوە و دەیان کەس دەسبەسەر کراون و کەشێکی ئەمنیی تۆخ باڵی بەسەر هەندێک لە شارەکاندا کێشاوە.

دوای کوژرانی " موحسێن فەخریزادە" زانای ئەتۆمیی ڕێژیمی ئێران، لە کوردستان بەتایبەتی ئەو شارانەی کە لەگەڵ کوردستانی باشوور هاوسنوورە وەک مەریوان و بانە، خەڵکێکی زۆریان دەسبەسەر کردووە یان بانگهێشتی ئیتلاعاتیان کردوون.                      

ئەو کەسانەی کە دەسبەسەر دەکرێن، زیاتر ئەو کەسانەن کە خزم و کەسیان لە باشوور بێت و لەگەڵ خەڵکی باشوور لە پێوەندیدا بن و پێیان دەڵێن کە خەڵکی باشوور تێرۆریستن و دەستیان لە کوشتنی "قاسم سلێمانی" و "موحسێن فەخریزادە"دا هەیە.

زۆرێک لەو خەڵکە چەندین جار بانگهێشت کراون و مۆبایلەکانیان لەلایەن ئیتلاعاتەوە زەوت کراوە، ماڵەکانیان دەپشکنن و هەندێکیان بۆ چەندین ڕۆژ لە گرتنگە ڕادەگیرێن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، چه‌ند ڕۆژه‌ له‌ سه‌قزیش كه‌ش‌وهه‌وایه‌كی‌ ته‌واو ئه‌منییه‌تی ‌‌و نیزامی‌ باڵی‌ به‌سه‌ر شاردا كێشاوه‌ و هێزه‌كانی‌ ڕێژیم زۆربه‌ی‌ كات له‌سه‌ر ڕێگاكانی‌ هاتوچۆ بۆ نێوشاری‌ سه‌قز ماشینه‌كان به‌ وردی‌ ده‌پشكنن.

هەروەها لە زۆربەی شوێنەکانی سەقز وەک نەخۆشخانەکان، هێزەکانیان بڵاو کردووەتەوە و شاریان میلیتاریزە کردووە.

کەشی نێو ئەو شارە تا ئاستێک ئەمنییەتی کراوەتەوە کە بووەتە هۆی بێزاری و ئازاردانی خەڵک و دەوترێت کەشێکی ئاوا ئەمنییەتی تا ئێستا بێوێنە بووە.

هاووڵاتییانی ئەو شارە باسیان لەوە کردووە کە ئێوارەی ڕێکەوتی ١٦ی سەرماوەز، لە چەندین شوێنی نێوشار بەتایبەتی لە ئاخری شاردا خاڵی پشکنین داندراوە و خەڵک پشکێندراوە.

هەروەها وتراوە کە هێزەکانی ڕێژیم بە جلوبەرگی شەخسییەوە ڕادەوەستن و ماشینەکانیان پلاکی سووری پێوەیە.

ڕێژیم لە دۆخی وەهادا کە هێز و ئۆتۆریتەی بەسەر وڵاتانی زلهێزدا نییە، تۆڵەی خۆی لە خەڵکی سڤیلی شارەکانی کوردستان دەکاتەوە.