کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پاشای عەرەبستان داوای پێکهێنانی هاوپەیمانی لە دژی ئێران کرد

13:28 - 6 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: پاشای عەرەبستان داوای پێکهێنانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ ڕاگرتنی "دەستێوەردانەکانی ئێران لە ناوچەکە"دا کرد.

"مەلک سەڵمان"، پاشای عەرەبستان، ڕۆژی یەکشەممە، ڕێکەوتی ٥ی ڕەشەمەی ١٣٩٧ی هەتاوی، لە دانیشتنی هاوپەیمانیی "عەرەب-ئورووپا" کە لە "شەرمولشەیخی" میسر گیرابوو،  داوای پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی کرد.

سەڵمان بە مەبەستی ڕاگرتنی "پاڵپشتییەکانی ئێران لە میلیشیاکانی ناوچەکە و دەستێوەردانەکانی لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست" ئەو داواکارییەی پێشکەشی سیاسەتمەدارانی وڵاتانی ڕۆژئاوایی و عەرەبی کردووە.

ناوبراو لە شرۆڤەی داواکەیدا وتوویەتی: "پاڵپشتییەکانی ڕێژیمی ئێران لە ملیشیا حووسییەکان لە یەمەن و سەرجەم ملیشیاکانی دیکە لە ناوچەکەدا و سەرباری ئەوانەش هەوڵە داگیرکارانەکان و دەستێوەردانی ئاشکرا لە کاروباری وڵاتەکانی دیکەدا، پێویست بە هەڵویستێکی بەبڕشت و جیددیه، بۆ ناچارکردنی ئێران بە ڕەچاوکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و کۆتایی پێهێنانی  پڕۆژە ناوکی و مووشەکییەکانی".

دوابەدوای تێکهەڵچوونەکان لە سووریە و یەمەن، پێوەندییەکانی ڕێژیمی ئێران و عەرەبستان زیاتر تەریک کەوت و بەرپرسانی هەر دوو وڵات، هەتا ئێستا چەندین کەڕەت لە بەرانبەر یەکتردا هەڵویستی توندیان گرتووە.