کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پاشای عەرەبستان لە کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووکان: سازان لەگەڵ ئێران دەرئەنجامێکی نابێت

18:07 - 3 رەزبەر 2720

''مەلک سەڵمان'' پاشای عەرەبستان سەعوودی، ڕۆژی چوارشەممە ٢ی ڕەزبەر، لە قسەکانی خۆیدا کە بە شێوەی ڤیدیۆ لە کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووکان بڵاو بووە بە دژی ڕێژیمی ئێران هەڵوێستی گرت.

ناوبراو ڕێژیمی ئێرانی بەوە تاوانبار کرد کە دەستی لە هێرشی مووشەکی بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکانی ساڵی ڕابردوو هەبووە و ئەو کارەی دەریخست کە ڕێژیمی ئێران بەنیسبەت سەقامگیریی ئابووری یان سەقامگیری ڕاگواستنی نەوت بۆ بازاڕە نێونەتەوەییەکان کەمتەر خەمە.

''مەلک سەڵمان''' لە قسەکانی خویدا بەنیسبەت ڕێککەوتنی ڕێژیمی ئێران لە ساڵی ٢٠١٥دا وتوویەتی: "ئێران لەم ڕێککەوتنە بۆ پەڕەپێدانی چالاکی ناوکی و پێکهێنانی تۆری تێرۆریستی کەڵکی وەرگرتووە''.

 پاشای عەرەبستان لە بەشێکی دیکەی قسەکانی جەختی کردووەتەوە ئەزمونی ئێمە لەگەڵ ڕێژیمی ئێران فێری ئەوەی کردووین کە ڕێککەوتن و سازان لەگەڵ ئێران پێشی بە هەڕەشەکانی ئەو وڵاتە بۆ ئاشتی و ئەمنییەتی نێونەتەوەیی نەگرتووە.

لەلایەکی دیکەوە نوێنەری ڕێژیمی ئێران لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاردانەوە بە وتەکانی پاشای عەرەبستان، وڵاتی عەرەبستانی بە سووک و چرووک ناو بردووە و قسەکانی پاشای ئەو وڵاتەی ڕەت کردووەتەوە.