کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پاشماوە و زبڵەکان، تەندروستیی هاووڵاتییانی کوردستانی خستووەتە مەترسییەوە

16:39 - 31 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: پاشماوە و زبڵەکانی شار و گوندەکان، تەندروستیی هاووڵاتییانی کوردستانی خستووەتە مەترسییەوە و بەرپرسانی پەیوەندیداری ڕێژیمیش، هیچ هەوڵێک بۆ چارەسەریی ئەو کێشەیە نادەن.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، پاشماوە و زبڵەکانی شارەکی پیشەسازیی شاری مەریوان، بە هۆکاری کەمتەرخەمی و بایەخنەدانی ناوەندی شارەداریی ئەو شارەوە، لە چەند شوێندا کۆگا کراون، ئەمەش تەندروستیی دانیشووانی ئەو شارەی خستووەتە مەترسییەوە و بەم هۆیەشەوە خەڵکی ئەو شارە چەندین جار بە شێوەی جیاواز ناڕەزایەتییان دەربڕیوە، بەڵام بەرپرسانی ڕێژیم هێشتا هیچ هەنگاوێکیان بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە هەڵنەگرتووە.

لەم پەیوەندییەشدا، زبڵ و پاشماوەکانی شاری مەهاباد جیا لەوەی کە پێشتر شارەداریی ئەو شارە لە نزیک گوندەکانی ئەو شارەوە کۆگای دەکردن و ناڕەزایەتیی گوندەکانی دەروبەری شاری مەهابادی لێ کەوتەوە، ئەمجارەیان زبڵ و پاشماوەکانی شار لە شەقام و کۆڵانەکانی ئەو شارەدا هەڕەشە لە تەندروستیی هاووڵاتییان و بەتایبەت منداڵانی ئەو شارە دەکەن و ناوەندە پەیوەندیدارەکانی ڕیژیمی ئێران و بەتایبەت ناوەندی شارەداری، چاوپۆشیی لێ دەکەن و ئەمەش ناڕەزایەتیی دانیشتووانی ئەوە شارەی لێ کەوتووەتەوە.

پێشتریش دانیشتووانی شاری ورمێ، بە هۆکاری داگیرکردنی زیاتر لە ٧٧ هێکتار لە زەوینی خەڵکی ناوچەکانی دەروبەری ئەو شارە،  بۆ ژێرگڵکردنی زبڵ و پاشماوەکانی ئەو شارە و کەمتەرخەمی و بایەخنەدانی شارەداری، ناڕەزایەتیی خۆیان دەربڕی، بەڵام تاکوو ئێستا هیچ هەوڵێک بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە نەدراوە، تەنانەت هیچ وڵامێکیش بە ناڕەزایەتیی ناڕازییانی ئەو شارەشیان نەداوەتەوە.