کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پانتایی گۆلی ورمێ بۆ ٣ هەزار کیلۆمیتری دووجا کەم بووەوە

13:09 - 12 گەلاوێژ 2720

پانتایی گۆلی ورمێ بەنیسبەت ساڵی ڕابردوو بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەمی کردووە و گەیشتووەتە ٢ هەزار و ٩٦٥ کیلۆمیتری دووجا.

بەپێی قسەکانی بەرپرسانی ڕێژیم لە پارێزگای "ورمێ"، ساڵی ڕابردوو پانتایی گۆلی ورمێ ٣ هەزار و ١٦ کیلۆمیتر بووە.

بەرپرسانی ڕێژیم باسیان لەوە کردووە کە ئەو گۆلە لە ڕابردوودا پانتاییەکەی ٤ هەزار و ٥١١ کیلۆمیتری دووجا بووە و ڕێژەی ئاوەکەی ١٦ میلیارد و چوار ملیۆن میتری دووجا بووە.

کێشەی کەمبوونی پانتایی و ڕيژەی ئاوی گۆلی ورمێ ساڵانێکە بەرۆکی ئەو پارێزگایەی گرتووە و بەرپرسانی ڕێژیم چەندین جار بەڵێنیی چارەسەرکردنی ئەو کێشەیانە داوە، بەڵام هەنگاوی ئەرێنییان لەو پیناوەدا هەڵنەگرتووە.

لە ئەگەری وشکبوونی گۆلی ورمێ، بە پانتایی ٣٠٠ هەزار هێکتار بیاوان و دەشتایی لە دەوروبەری ئەو گۆلە دروست دەبێت کە گەردیلە خوێییەکان ژیانی دانیشتووانی ئەو ناوچەیە دەخاتە مەترسییەوە.

وشکەساڵی، کەمئاویی ئەو ڕووبارانەی کە ئاوەکانیان بۆ گۆلی ورمێ دەگەڕێتەوە، کشتوکاڵ، هەڵکەوتەی جوغرافیایی ئێران، بێ ‌بەرنامە بوونی ڕێژیمی ئێران سەبارەت بەو گۆلە، نەپاراستن و کاریگەرییە نەرێنییەکان لەسەر ئەو گۆلە، کەمیی بارینی بەفر و باران لەو پارێزگایە و سیاسەتی سیستماتیکی ڕێژیم لە کوردستان، لە سەرەکیترین هۆکارەکانی خولقاندنی دۆخی ئێستای گۆلی ورمێن.