کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوی فڕۆکەهەڵگری "ئابراهام لینکۆلێن" ڕەوانەی کەنداو کرا

13:32 - 16 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی هەر جووڵەیەکی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران ناوێکی دیکەی سەربازیی ڕەوانەی کەنداو کرد.

"جان بۆلتۆن"، ڕاوێژکاری ئەمنییەتی نەتەوەییی ئامریکا، ڕۆژی شەممە، ١٥ی بانەمەڕ ڕایگەیاند: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا ناوی فڕۆکەهەڵگر و بۆمبهاوێژی ڕەوانەی کەنداو کرد.

ئەو بەرپرسەی ئامریکا باسی لەوە کردووە، ئەوە پەیامێکی ڕوونە بۆ تاران کە ئامریکا  هێزی نیزامیی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بەهێزتر دەکات.

بۆڵتۆن، باسی لەوەش کردووە، ئەم کارەی ئامریکا بۆ ئەوەیە، کە ڕێژیمی ئێران هۆشداریی زۆر دەدات و نیشانەگەلێک هەیە کە کێشە دەخولقێنێت.

لەو پێوەندییەدا، ڕۆژی شەممە، ٧ی بانەمەر، ژێنراڵ کێنس مەک کێنزی، بەرپرسی فەرماندەییی هێزەکانی ناوەندی ئەرتەشی ئامریکا ناسراو بە سێنتکام، لە کاناڵی عەرەبیی ئێسکای نیوز باسی لەوە کرد، هەوڵە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچە و جیهاندا، بووە به هەڕەشەیەکی درێژخایەن و ئێمە بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو هەوڵانە هەموو کەرستەیەکی پێویست و هێزی تایبەتمان لە بەردەستدا هەیە.

لەو چەند ساڵەی دواییدا ڕێژیمی ئێران، بەردەوام وەکوو کارتی فشار بەدژی کۆمەڵگەی جیهانی هەڕەشەی داخستنی گەرووی هۆرمۆزی کردووە، کە چاوەڕوان دەکرێت بە داخستنی ئەم ڕێڕەوە نەوتییە، ڕێژیم یەکێک لە گەورەترین کەرەستەکانی باجگیریی خۆی لە کۆمەڵگای جیهانی لە دەست بدات.

فەرماندە تێرۆریستەکانی سپای پاسداران، خامنەیی، ڕۆحانی و باقی کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران هەڕەشەی ئەوە دەکەن کە گەرووی هۆرمۆز دادەخەن.