کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پاڕانەوەی زەریف بۆ ڕێکخراوی تێرۆریستی سپای پاسداران

18:31 - 29 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: وەزیری کاروباری دەروەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە نامەیەکدا  ڕوو لە جیهان پاکانەی ئەوە دەکات، کە بڕیاری ئامریکا بە نیسبەت سپا هەڵەیە.

ماڵپەڕی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، نامەی "محەممەدجەواد زەریف"، وەزیری دەرەوەی کاروباری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانی بڵاو کردووەتەوە، کە لە بەشێک لەو نامەیەدا هاتووە: بڕیاری ئامریکا بۆ بەتێرۆریست ناساندنی بەشێک لە هێزی فەرمی و نیزامیی دەوڵەتێک لێکەوتەی یاسایی و سیاسیی مەترسیداری هەیە.

زەریف ئەو نامەیەی ڕوو لە وەزیرانی کاروباری دەرەوەی وڵاتی جیهان بڵاو کردووەتەوە.

ئەو کاربەدەستەی ڕێژیم، لە نامەیەکدا باسی لەوە کردووە، کە ئامریکا یاسا نێودەوڵەتییەکانی پێشێل کردووە و ئێستاش بەرەو لەنێوبردنی ئەو یاسا و ڕێسایانە هەنگاو دەنێت.

ناوبراو لە نامەکەیدا باسی لەوە کردووە، ئامریکا دەڵێت: لە نێوان ئێران و ئەلقاعیدە پێوەندی هەیە و ئەوەش پلانی ئامریکایە بۆ ئەوەی کە بیروڕای گشتی بۆ بەکارهێنانی هێزی نیزامی دژی وڵاتێکی دیکە بەکار بێنێت.

زەریف لەو نامەیەدا جەختی کردووەتەوە، کە هەموو دەوڵەتەکان پێش بەو کردەوەیەی ئامریکا بگرن.

نامەی محەممەدجەواد زەریف، لە کاتێکدایە کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران خۆی پێشێلکاریی یاسا نێودەوڵەتییەکانە و دەوڵەتانی جیهان بەردەوام داوا لە کاربەدەستانی ئەو ڕێژیمە دەکەن کە یاسا نێودەوڵەتییەکان بپارێزن.