کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پاڕانەوەی زەریف بۆ ڕێکخراوی تێرۆریستیی سپای پاسداران

11:07 - 30 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: وەزیری کاروباری دەروەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە نامەیەکدا ڕوو لە جیهان پاکانەوە بۆ ئەوە دەکات کە ئیقدامی ئامریکا بە نیسبەت سپا هەڵەیە.

ماڵپەڕی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران نامەی "محەممەدجەواد زەریف" وەزیری دەرەوەی کاروباری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانی بڵاو کردووەتەوە کە لە بەشێک لەو نامەیەدا هاتووە ئیقدامی ئامریکا بۆ بە تێرۆریست ناساندنی بەشێک لە هێزی فەرمی و نیزامیی دەوڵەتێک لێکەوتەی یاسایی و سیاسیی مەترسیداری لێ دەکەوێتەوە.

زریف ئەو نامەیەی ڕوو لە وەزیرانی کاروباری دەرەوەی وڵاتی جیهان بڵاو کردووەتەوە.

ئەو کاربەدەستەی ڕێژیمی لە نامەیەکدا باسی لەوە کردووە کە ئامریکا یاسا نێودەوڵەتییەکانی پێشێل کردووە و ئێستاش بەرو لەناوبردنی ئەو یاسا و ڕێسایانە هەنگاو دەنێت.

ناوبراو لە نامەکەیدا باسی لەوە کردووە ئامریکا دەڵێت، پێوەندی له نێوان ئێران و ئەلقاعیدەدا هەیە و ئەوەش پلانی ئامریکایە بۆ ئەوەیکە بیروڕای گشتی بۆ بەکارهێنانی هێزی نیزامی دژی وڵاتێکی دیکە ئامادە بکات.

زەریف لەو نامەیەدا جەختی کردووەتەوە کە هەموو دەوڵەتەکان پێش بەو کردەوەیەی ئامریکا بگرن.

نامەی محەممەدجەواد زەریف، لە کاتێکدایە کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران خۆی پێشێلکاریی یاسا نێودەوڵەتییەکانە و دەوڵەتانی جیهان  بەردەوام داوا لە کاربەدەستانی ئەو ڕێژیمە دەکەن کە یاسا نێودەوڵەتییەکان بپارێزن.

هاوکات کردەوە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئێران لەناوخۆ و دەرەوەی وڵات لە هیچ کەس و لایەنێک شاراوە نییە و سپای پاسداران لە سەرەتای هاتنەسەرکارییەوە هێزێکی تێرۆریستی بووە.