کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پاکستان بە فەرمانی ئامریکا کەشتییەکی ڕێژیمی ئێرانی ڕاگرت

14:12 - 19 گەلاوێژ 2720

سەرۆکی کۆمیتەی نێوخۆیی سێنای پاکستان باسی لە ڕاگرتنی کەشتییەکی ئێرانی لە کەناراوی "کەراچیـ"ـی پاکستان کرد کە خەریکی گواستنەوەی نەوت بووە.

سەرچاوە هەواڵدەرییەکانی پاکستان، ڕۆژی شەممە ١٨ی گەلاوێژ، لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویان کردووەتەوە ئەو کەشتییە لەلایەن ڕێکخراوێکی ئامریکاییەوە شوێنی هەڵگیراوەتەوە و بەنیسبەت ڕاگرتنیەوە ئاگادارییان بە پاکستان داوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا "ڕەحمان مالک" سەرۆکی کۆمیتەی نێوخۆیی سێنای پاکستان، بەنیسبەت گواستنەوەی نەوتی ئێران بۆ ئەو وڵاتە هۆشداریی دابوو و وتبووی: "ئەوە بابەتێکی گرینگی نێودەوڵەتییە و دەتوانێت لە کۆتاییدا ببێتە هۆی گوشار دژ بە پاکستان".

ناوبراو بەنیسبەت ڕاگرتنی ئەو کەشتییە ئێرانییە لە بەندەری "کەراچیـ"ـدا بەهۆی "قاچاخی نەوتی ئێران"، وتوویەتی: "بە سەرنجدان بەوەی کە ئەو جۆرە هەوڵانە پێشێلکردنی گەمارۆکان دژ بە ئێرانە و لە پاکستانیشدا بنەمای یاسایی نییە، بابەتێکی گرینگی نێودەوڵەتییە کە دەتوانێت پاکستان بخاتە ژێر گوشارەوە".

ئەو ڕێکخراوە ئامریکاییە کە شوێنی ئەو کەشتییە نەوتییەی هەڵگرتووەتەوە، داوای لە دەوڵەتی پاکستان کردووە کە بەنیسبەت لێکەوتەکانی هاوەردەکردن، هەناردەکردن و هەروەها پاڵاوتنی نەوتی ئێران هەوڵێکی یاسایی ئەنجام بدات.

"مالک" داوای لە ڕێکخراوی لێکۆڵینەوەیی فێدێراڵی پاکستان کردووە کە لێکۆڵینەو بەنیسبەت لایەنەکانی هاوەردەکاری نەوتی خاو و گازۆئیل لە ئێرانەوە بۆ پاکستان ئەنجام بدات.

گەمارۆکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لەسەر ڕێژیمی ئێران وای کردووە کە ئەو وڵاتە مەیدانی مانۆڕی لە ناوچەکەدا بۆ هەناردەکردنی نەوت نەمینێت و تەنانەت وڵاتانی دراوسێش بەهۆی گەمارۆکانەوە خۆ لە هاوەردە و هەناردەکردنی نەوت لەو وڵاتەوە ببوێرن.