کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پاکستان ئەندامانی شانەیەکی تێرۆریستیی سپای پاسدارانی دەسبەسەر کرد

13:34 - 20 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: هێزە ئەمینییەتییەکانی وڵاتی پاکستان، شانەیەکی تێرۆریستیی ۱۹ کەسیی سەربە سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێرانیان دەسبەسەر کرد.

هەواڵدەرییەکانی وڵاتی پاکستان ڕایانگەیاندووە، کە لە شاری کراچی، هێزە ئەمنییەتییەکانی ئەو وڵاتە، شانەیەکی ۱۹ کەسیی تێرۆریستیان دەسبەسەر کردووە، کە چەند کەسیان لە هێزە ئەمنییەتییەکانی پاکستان بوونە و لە لایەن سپای پاسدارانەوە بۆ کردەوەی تێرۆریستانە ڕاهێنانیان پێ کراوە.

لەم بارەوە، ئەحمەد ئەلقورەیشی، ڕۆژنامەنووسی پاکستانی، لە لاپەڕەی تویتێری خۆیدا، نووسیویەتی: "هێزە ئەمنییەکانی وڵاتی پاکستان، لە شاری کراچی، شانەیەکی ۱۹ کەسیی پاکستانیی دەسبەسەر کردووە، کە چەند کەس لە هێزە ئەمنییەتییەکانیشیان تێدا بووە و لە لایەن سپای پاسدارانی ئێرانەوە بۆ کردەوەی تێرۆریستی ڕاهێنراون، ئامانجی سەرەکیشیان فەلەجکردنی ئابووریی گەورترین شاری پاکستان (واتە کراچی) و پێتەختی ئابووریی ئەم وڵاتە بووە".

لەم پەیوەندییەدا، ئەمیر فارۆقی، جێگری دادستانی گشتیی وڵاتی پاکستان، ڕایگەیاندووە: کە هەرکام لەو کەسانەی کە بۆ کردەوەی تێرۆریستی ڕاهێنراون، لە لایەن وڵاتی دراوسێیەوە مانگانە ٤۰ هەزار ڕووپیەیان پێ دراوە.

ناوبراو، وێڕای ئاماژەدان بەوەی کە ئەو شانە تێرۆریستییە لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە ڕاهێنانی سەربازیی و کاری تێرۆریستییان پێ کراوە، وتی: "وڵاتی دراوسێی ئێمە، لە دابیکردن و هاندانی گرووپە تێرۆریستییەکان لە وڵاتی پاکستاندا دەستی هەیە، لێرەدا ئەوەی کە جێگای سەرەنجە ئەوەیە کە ئەو کەسانەی کە دەسبەسەر کراون، پێشتر ناویان لە نێوان کەسانی خرابکار و ئاژاوەگێڕەکانی وڵاتدا هەبووە. هێزەکانی دژەتێرۆر بە هاوکاریی پولیسی وڵاتەکەمان لە ئۆپراسیۆنێکی هاوبەشدا لە ناوچە جیاجیاکانی شاری کراچی، توانییان ئەندامانی ئەو شانە تێرۆریستییە دەسبەسەر بکەن".

بەپێی ڕاپۆرتی بەڵگەمەندی هەواڵدەرییەکانی پاکستان، ئەو شانە تێرۆریستییە، دەستیان لە تێرۆرکردنی ۵۰ کەس لە شاری "کراچیـ"ـدا هەبووە و لە پرۆسەی لێکۆڵینەوەکانیاندا ئاشکرایان کردووە، کە ۲۸ کەسی تر لە لیستەکەیاندا هەبووە کە تێرۆریان بکەن.