کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پاڵپشتانی ڕێژیمی ئێران و ڕێفورمخوازەکانی دەرەوە، لە چوونەدەرەوەی ئامریکا لە بەرجامدا تووڕەن

18:12 - 20 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: دوای ئەوەی کە ئامریکا، لە ڕێککەوتننامەی بەرجام کشایەوە، خامنەیی بە شێوەیەکی بێئەدەبانەوە ڕایگەیاندووە، ترامپ ناتوانێت هیچ غەڵەتی بکات.

دانڵد ترامپ، ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ١٧ی بانەمەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی، ڕایگەیاند، کە بە هۆی ئەوەی کە ڕێژیمی فاشیستیی ئێران، پاڵپشتی سەرەکی تێرۆریزمە و مووشەک هەناردە دەکات و ئاگری شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست خۆش دەکات و لە گرووپە تێرۆریستییەکانی حیزبوڵڵا، حەماس، تاڵەبان و ئەلقاعیدە پاڵپشتی دەکات، وڵاتەکەی لە بەرجام دەکشێتەوە.

چوونەدەرەوەی ئامریکا لە بەرجام، بووە هۆی خۆشحاڵی نەتەوەکانی ئێران و ناوچەکە، کە لە ژێر گوشاری تێرۆریزمی نێونەتەوییی ڕێژیمی ئیرانن.

عەرەبستان دوای کشانەوەی ئامریکا لە بەرجام، ڕاگەیندراوێکی بڵاو کرد و لەو ڕاگەیندراوە ئاماژەی بەوە کردووە، کە ڕێژیمی ئێران، لە لابردنی گەمارۆوەکان بە هۆی ڕێکەوتننامەکە کەڵکی ئابووری وەرگرت و لە پێناو چالاکییە ئاژاوەگێڕانەکانی لە ناوچەکە بەکاری هێنا، بەتایبەت پەرەی بە بەرنامە مووشەکییەکانی داوە و پاڵپشتی خۆی لە گرووپە تێرۆریستییەکانی حیزبوڵڵا و میلیشیاکانی حووسی زیادتر کرد.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە ڕێفورمخوازەکانی دەرەوەی ئێران و پاڵپشتانی تێرۆریزمی ڕیژیمی کۆماری ئیسلامی، لە بەرامبەر بڕیاری ترامپ دژکردەوەیان هەبوو، لەو پەیوەندییە شۆاری نیشتمانیی ئێرانییەکان لە ئامریکا ناسراو بە "نایاک" لە ڕاگەیندراوێکدا، بڕیاری ترامپیان بە نابەرپرسانە و شەڕخوازانە ناو بردووە.

لە لایەکی دیکەشەوە، ڕۆحانی لە کشانەوەی ئامریکا، خۆشحاڵی خۆی دەربڕی و ڕایگەیاند: ئێمە خۆشحاڵین کە بوونەوەرێکی موزاحم لە بەرجام چووەتە دەرەوە، سپای پاسداران و بەسیج و مەجلیسی ڕێژیمیش، لە کردەوەگەلێکی گاڵتەئامێز و سووتاندنی ئاڵای ئامریکا، چوونەدەرەوەی ئەو وڵاتەیان لە بەرجام بە شانس و بەختەوەری زانیوە.

چاوەدێران و لێکۆڵینەرانی سیاسی لەو باوەڕەدان، کە کۆماری ئیسلامی لە ڕۆژانی داهاتوودا، بەکرێگیراوەکانی خۆی لە وڵاتانی ڕۆژئاوا چالاک دەکات، هەتا زیاترین گوشار بخەنە سەر دەوڵەتی ترامپ و وڵاتانی ڕۆژئاوایی بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ڕێژیم، هەروەها لەو باوەڕەدان، کە بەکرێگیراوانی کۆماری ئیسلامی وەکوو پاڵپشتی بەرجام و دژی شەڕ خۆیان نیشان دەدەن، هەتاکوو بتوانن کۆمەڵگای نێونەتەوەیی بخەڵەتێنن.