کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پایەگای ''عەینوئەلئەسەد'' لە عێراق لەلایەن گرووپەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێرانەوە هێرشی کرایە سەر

12:26 - 10 جۆزەردان 2722

پایەگای ''عەینوئەلئەسەد'' کە لە پارێزگای ئەلئەنبار لە ڕۆژاوای عێراق هەڵکەوتووە، شەوی دووشەممە ٩ی جۆزەردان بۆ جارێکی دیکە لەلایەن گرووپەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێرانەوە هێرشی مووشەکیی کرایە سەر.

هەواڵدەریی ''ئەلعەرەبیە'' لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمنییەتی باسی لەوە کردووە کە لەو هێرشەدا، ٦ ڕاکێت بە دەوروبەری ئەو پایەگایە کە هێزەکانی هاوپەیمانیی نێونەتەوەیی تێدا جێگیرن، کەوتووە و هیچ زیانێکی گیانی و مادیی بەدواوە نەبووە.

پێشریش پایەگای عەینولئەسەد لە مانگی ڕابردوو کرایە ئامانجی دوو ڕاکێتی مووشەکی کە گرووپێکی نەناسراو کە خۆی بە ''گرووپی موقاومەتی نێونەتەوەیی'' ناو لێ ناوە لە ڕێگای کاناڵێکی تێلێگرامیی سەر بە ڕێژیمی ئێران، بەرپرسیاریەتیی ئەو هێرشەی وەئەستۆ گرتبوو.

بەرپرسیاریەتیی ئەو جۆرە هێرشانە لەلایەن ئەو گرووپە نەناسراوانە قەبووڵ ناکرێت، بەڵام ئامریکا لە زۆربەی حاڵەتەکاندا ئەوانە بە کاری میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران دەزانێت.