کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پرسی زمانی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان

20:26 - 12 رەشەمه 2718

وتووێژ: کاروان مێراوی

زمان کۆڵەکەی سەرەکی و یەکێک لە فاکتەرە سەلمێنەرەکانی بوونی هەر نەتەوەیەکە، بۆیە زمانی هەر نەتەوەیەک بە شۆناس و شادەماری ئەو نەتەوەیە پێناسە دەکرێت. لەم بارەیەوە ماڵپەڕی "کوردستان میدیا" دیمانەیەکی لەگەڵ بەڕێز شەریف فەلاح، شاعێر، نووسەر، وەرگێڕ و لێکۆڵەری ئەدەبی کوردیی پێکهێناوە کە سەرەنجتان بۆ خوێندنەوەی ڕادەکێشین.

۱. زمان بە ناسنامە و شادەماری نەتەوە پێناسە دەکرێت، هۆکاری ئەم پێناسەیە بۆ چی دەگەڕێتەوە؟

لە دنیادا نەتەوەی بێ زمانمان نییە، کاتێک باس لە نەتەوە دەکرێت، یەکەم توخم و پێکهاتەیەک وەک سەلماندنی بوون، ڕەگەز و هەوێن و شادەماری دێتە بەرباس، پرسی زمانە. لەبەر ئەوەی زمان بەرلەوەی مانا و دەلالەت لە پرسێکی کۆمەڵایەتی بکات، بەرلە گشت پرسێکی سیاسییە ئەم پێناسە و خەسڵەتە گەر لەگەڵ دۆخی گەلانی دیکەدا نەگونجێ، ئەوا بۆ نەتەوەی کورد ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە و نابێ نوخبەی فەرهەنگی، سیاسی و بەگشتی پێکهاتەی بزووتنەوەی میللی دێمۆکراتیکی کورد، تووشی ئەو هەڵەیە بن کە گەوهەری سیاسیبوون لە پرسی زمان داببڕن. هیگڵ ئەیژێ: "زمان ڕۆحی نەتەوەیە" و عەلائەدین سەجادی نووسەری ناوداری کوردیش بە "شادەماری نەتەوە" پێناسەی دەکات. کاتێک مرۆڤ ڕۆحی لەبەردا نەمێنێت، دیارە کۆتایی بە تەمەنی دێت و لەناو هەموو دەمار و پێکهێنەکانی مرۆڤ وەک کەرامت و گەوهەری بوون، زمانیش گەورە شادەمارە، وەک شاڕەگی گەردن و دەست وایە گەر ئەو دوو شاڕەگە ببڕێن، خوێن لە جەستەی مرۆڤ نامێنێت و کۆتایی ژیان مسۆگەرە. زمان جیالەوەی پێناسەی نەتەوە وەک کۆمەڵ پێکدێنێ، هاوکات بنەما و گەوهەری هزر، ئایدیا و جیهانبینیی تاکیشە. گەر تاک بە زمانی دایک و زگماکیی خۆی پەروەردە و بار بهێندرێت، جیهانبینی و ئەندێشە و ناسنامەی نەتەوەیی فۆرم دەگرێت و لە ڕەوتی تەمەند و گەشەکردنیشیدا چەندان زمانی دیکەش فێر ببێت، ئیدی جێگەی مەترسی نییە، چونکە بە توخمی زمان و فەرهەنگی خۆی فرچکی گرتووە و ناسنامەی داڕێژراوە. بۆیە یەکێک لە هۆیەکانی زیندوو مانەوەی کورد لە بەرانبەر ئەو هەزاران شاڵاو و هێرش و جینۆسایدە فیزیکی و فەرهەنگییەدا ئەوەیە کە زمانمان زیندووە و دوژمن نەیتوانیوە لە خشتەمان ببات، بەڵام دەبێ لە جاران زۆر وریاتر بین، چونکە پیلانەکانی دوژمن ئەمڕۆکە وەک قۆناغەکانی پێشوو نین و تاکتیک و شێوازیان گۆڕاون و بە ڕوونی دیار نین و هەر لە ڕێگەی بەکارهێنانی زمانی خۆمان و داتاشینی پێناسەی دەسکردەوە بۆ ئێمە، خەریکی بەلاڕێدابردنی ڕەوتی گەشەی زمانی نەتەوەییمانن، دەبێ بە وریاییەوە ماماڵە بکەین و لەقاویان بدەین.

۲. ڕۆڵی زمان لە پرۆسەی نەتەوەسازیدا چییە؟

زمانی نەتەوەیەک گەر لەژێر هەڕەشە و سیاسەتی تواندەوە لەلایەن دوژمن و داگیرکەرەوە نەبێت، ئەوە لە ڕەوتێکی زۆر ئاساییدا بەپێی بارودۆخ و قۆناغەکانی گەشەی کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و سیاسیی ئەو نەتەوەیە پەرە دەستێنێ. هەروەک لە وەڵامی پرسیاری پێشووشدا باسم کرد، زمان وەک گەوهەری نەتەوە، دەوری شاڕەگی نەتەوە دەگێڕێت و ئەگەر سیاسەت و پلان و ستراتیژییەکی ڕوونی فەرهەنگی و زمانیی لە پشتەوە بێت، بێگومان دەبێتە هەوێنی بونیاتی دەوڵەت – نەتەوە، چونکە لە گەوهەردا خۆی توخمی سەرەکیی نەتەوەیە. بۆ ئێمەی کورد دۆخەکە زۆر هەستیارە، لەبەر ئەوەی خەسڵەت و تایبەتمەندیی زمان، جیا لەوەی هەڵگری دەلالەت و مانای قووڵی سیاسییە، هاوکات کردەیەکی هەستیاری کۆمەڵایەتیشە و دەبێ زۆر بە هەستۆکییەوە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت و گەر نوخبە فەرهەنگی و سیاسییەکان ناشیانە و ناشارەزایانە دەست بۆ زمان بەرن، ئەوا تووشی لێکترازان و دابڕانی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی دەبین و ڕەوتی نەتەوەسازی بەربەستی بۆ ساز دەکرێت. سیاسی و فەرهەنگییەکانی کورد دەبێ لە بواری زماندا سیاسەتی "سەنتەر -  پەراوێز" لە بەرچاو بگرن، بەو مانایەی سەرەتا بۆ پاراستنی نەتەوە و ڕەواندنەوەی هەموو مەترسی و پیلانە ناوخۆیی و دەرەکییەکان کە ڕووبەڕووی زمان و فەرهەنگمان بوونەتەوە، دەبێ زمانی (پێوەر – هاوبەش) دروست بکەن. ئەمە سەرەتای بونیاتنانی ستراتیژیی فەرهەنگی و سیاسەتی زمانییە، کە بە سەنتەر ناودێر دەکرێت، واتە هەموو توخمە پێکهێنەکانی دیکەش کە شێوەزار و دیالێکتەکانی دیکەن، لە دەوری ئەم سەنتەرە کۆ دەبنەوە، کاری زمانی (پێوەر – هاوبەش) سەرەتای توخمی "دەوڵەت – نەتەوە"یە کەلە ئاستەکانی "حکوومەت، پەروەردە، برۆکراسیی ئیداری و میدیادا" کاری پێ دەکرێت و هەموو شێوەزار و دیالێکتەکانیش لە ناوچەی خۆیان جیا لە زمانی (پێوەر – هاوبەش) بە دیالێکتی خۆیان قسە دەکەن و دەخوێنن و زمان، ئەدەب، مۆسیقا، فۆلکلۆر و دابونەریتیان بە دیالێکتی خۆیان پەردە پێ دەدەن، بەڵام نابێ لەبیر بکەین، بۆ گوران (تکامل)ی ڕەوتی نەتەوەسازی بەبێ بونیاتنانی زمانی (پێوەر -  هاوبەش) بارەکەمان ناگاتە شوێنی ئامانج و ڕەوڕەوەی مێژوومان لەنگ دەبێت.

دەبێ ئێمەی کورد و بەتایبەت پارت و لایەنە سیاسییەکان هەڵەکانی پێشوو دووپات نەکەنەوە و لە بچووک نواندنی ویست و داخوازییە نەتەوەیەکانی کورددا تووشی هەڵە نەبین و نەکەوینە داوی پیلانی "تقلیل معنا" (داهزرینی مانا)وە. واتە حکوومەت دەیهەوێ زمان، کە شاڕەگی نەتەوە و ناسنامەمانە وەک بنزاراوەی ناوچەیی لەقەڵەم بدات و وای پێناسە دەکات کە کورد ویستەکانی تەنیا ویستگەلێکی لاوەکی و فەرهەنگین و لە چوارچێوەی جلوبەرگ و مادەکانی "١٥و ١٩ی"یاسای بنەڕەتیی ئەو وڵاتەدا خۆیان دەبیننەوە، کە بەڕاستی ئەمانە سووکایەتین بە گەوهەری ویست و داخوازییەکانی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد و دابڕینی زمان و فەرهەنەگ لە مافی سیاسی. ئەشێ کورد لە دەروازەی ناسیۆنالیزمی زمانی، ئەویش بە پێناسەیەکی پتەو و قورس و قایم و خاوەن ئیرادەوە مامەڵە لەگەڵ داهاتووی چارەنووسی خۆی لە ئێراندا بکات. واتە پێچەوانەی جاران کە لە بچووکەوە چووە بۆ گرد، دەبێ لەم سەردەمەدا لە گردەوە بۆ بچووک هەنگاو هەڵبگرێت و ئەویش بلەز و قایم کە شایستەی کەرامەتی مرۆڤی کورد بێت.

۳. جیاوازیی نێوان زمانی دایک و زمانی نەتەوەیی چییە و زمانی دایک دەتوانێت چە کاریگەرییەکی لەسەر زمانی نەتەوەیی هەبێت؟

بەداخەوە هەندێ جار لای ڕۆشنبیر، نووسەر و بەتایبەت میدیای کوردی و لە تۆڕە کۆەمڵایەتییەکان هەندێ دەستەواژە و پێناسەی هەندێ چەمک بە هەڵە دەڕۆنە ناو خەڵکەوە و وەک هەڵەی باو هەموو خەڵک ناشارەزایانە دووپاتی دەکەنەوە، کە ئەمە مەترسییە لەسەر ناسنامەی فەرهەنگی و زمانیمان. یەک لەو هەڵە باوانە، نەزانینی جیاوازیی نێوان زمانی دایک و زمانی نەتەوەییە، ئێمە دەبێ ئەم پێناسانە بزانین و سنوورە ماناییەکانی ئەم شتە بزانین، پێناسەکردنی زمانی نەتەوەیی بە زمانی دایک کە سروشتی، ڕەگەزی و میراتی لەگەڵ مرۆڤدایە، نابێ وای لێک بدەینەوە کە ئەوە هەقێکە کە حکوومەت و دەسەڵاتی داگیرکەر پێمانی دەکات و ئەویش زۆر جار وەک خێر و بێر و دڵ‌ئاوەڵایی لێکی دەداتەوە کە بەداخەوە زۆر نووسەر و ڕۆشنبیری کورد ناشارەزایانە دەکەونە داوی ئەم پیلانەی حکوومەتی ئێرانەوە. بۆ وێنە دەستەواژەی (آموزش زبان کوردی) لە میدیا دەسکرد و ئامانجدارەکانی حکوومەتەوە بە شێوەی ئامانجدار خەریکە لەناو کۆمەڵگەی فەرهەنگیی کوردستاندا کار بۆ جێگیرکردنی دەکرێت، کە ئەم دەستەواژەیە بەرییە لە هەموو مافێکی نەتەوەیی، نەتەنیا دەسکەوت نییە، بەڵکوو سووکایەتییە بە زمانی کوردی. چونکە مەبەست لێی تەنیا فیربوونی ڕواڵەتییانەی ڕێنووسی سەرەتایی و سەقەتە، ئەویش بۆ ئەوەی هەموو سیاسەت و ئامانج و چالاکیی ڕۆتینی و ڕۆژانەی حکوومەت و ئایدۆلۆژیای مەزهەبی بەم ڕێنووسە بخاتە ڕوو کە چەندان ئامانجی لێ هەیە و هیچ نییەت و پلانێک بۆ خزمەتی زمان و فەرهەنگی ڕاستەقینەی کوردی نییە. لە حاڵێکدا دەبێ دەستەواژەی (آموزش بە زبان کوردی) جێگە بخرێت کە لێرەدا ئیتر مانا و سنوورەکان جێا دەکرێنەوە. دەستەواژەی دووەم بە واتای مافی ڕەوا و سیاسی و نەتەوەیی دێت و ئەو مانایەی لەم دەستەواژەیەدایە، ئەوەیە دەبێ لە هەموو قۆناغەکانی پەروەردە و خوێندندا زمانی دایک بخوێندرێت و سەرجەم مادە دەرسییەکانیش هەتا دوا پلەکانی خوێندن بە زمانی خۆت بێت. کەچی دەستەواژەی یەکەم (آموزش زبان کوردی) کە حکوومەتی ئێران چەواشەکارانە بۆ سەرداپۆشینی ڕاستییەکان و شاردنەوەی پرسی نەتەوەیی لە ئێران دەیورووژێنێ، لەگەڵ فێربوونی زمانەکانی (ئینگلیزی، فەرانسەیی، عەرەبی، ڕووسی و....) لە ئێران کە لە دەرەوەی سیستمی پەروەردە دەخوێندرێن، هیچ جیاوازییەکی نییە و هەر ئەو مانایە دەگەیەنێت. بۆیە نوخبە و ئیلیتی فەرهەنگی و سیاسیی کورد لەم هەلومەرجە هەستیارەدا ئەو پیلانە کوشندانەی حکوومەتی ئێران بۆ خنکاندنی زمان و لە گرێژنە دەرچوونی لەقاو بدەن و ڕۆشنگەریی زیاتر بکەن و خەڵک و توێژەکانی کۆمەڵگە هان بدەن لە دەرەوەی بازنەی دەسەڵات و پەروەردەی نەتەوەی باڵادەست، خزمەت بە زمانی کوردی بکەن و لەم ڕێگەیەوە سنوورە دەسکردەکان بناسن و تەنیا لە بازنەی زمانی نەتەوەییدا کە هەوێن ئاخێزگەی ناسنامەیە چالاکی بکەن.

٤. سەرەڕای ئەوەی کە ڕێژیمی ئێران جیا لە زمانی فارسی کە زمانی دەسەڵاتە، ڕێگای خوێندن بە زمانی نەتەوەکانی‌تر لە ئێران نادات، زمانی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە چە دۆخێکدایە؟

ئەگەر بمانەوێ بە وردی باسی پێگەی زمانی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکەین، دەبێ لە ڕوانگەی قۆناغ و پۆلێبەندیی ڕەوتەکان و مێژووییەوە پێگەی بخەینە ڕوو کە کات و دەرفەتی زۆر دەبات و لە تاقەتی ئەم دیمانە کورتەدا نییە. کۆماری ئیسلامیی ئێران یەک لەو سیستمە خۆسەپێن و زێدەخوازانەیە کە بوونی خۆی لە نەبوونی ئەوی دیکەدا پێناسە دەکات. لەوەش باش دەزانێت و بە جوانی لە گەوهەر و ئامانجی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد تێگەیشتووە، بەڵام چونکە گەوهەر و ستراتیژییەکەی لەسەر بنەمای حاشا لە پرسی "نەتەوەیی" بونیات نراوە، دان بە راستییەکاندا نانێت. یەک لەو پرسانەی کە کۆماری ئیسلامی لێی دەترسێت و زراوی لێی تۆقیوە، پرسی زمانە. لەم نێوەندەشدا زمانی کوردی، لە زمانی سەرجەم نەتەوەکانی دیکەی ئێران زیندووترە هەڵگری توخم و تایبەتمەندیی ڕێنووسی، بنەمای مێژوویی (فۆنۆلۆژی) و ڕێزمانییە و خاوەن پاشخانێکی فەرهەنگی و زارەکیی دەوڵەمەندە و ئەمەش بووەتە گرێی سەر دڵی حکوومەت. هەرچەند لەبەر نەبوونی کیانێکی سەربەخۆی سیاسی (دەوڵەت – نەتەوە) بەگشتی لەناو کورد، هێشتا نەمانتوانیوە بە شێوەیەکی بنەڕەتی و ستراتیژی ڕۆحی سەردەم (سەدە)ی خۆمان پێناسە بکەین و بزانین لە کوێدا دەژین؟ چیمان کردووە و بۆ داهاتووی زمان و نەتەوە دەبێ چی بکەین؟ چونکە نەمانتوانیوە ڕۆح و گەوهەری ڕاستەقینە و تواناییەکانی زمانی خۆمان کەشف بکەین و کورد هێشتا لە قۆناغی دیناو (موکاشفە)ی زمانی خۆیدایە. سەرەڕای ئەو کەموکووڕییانەی باسم کردن، وەلێ ڕەوشی زمان کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، سەرەڕای تەواوی ئەو پیلانانەی دامودەزگا سیخوڕییەکانی دەسەڵاتی ئێران وەک بۆمب لەناو شێوەزار و دیالێکتە جیاوازەکانی زمانی کوردی دایان ناوە و خەریکی وەشاندنی تۆوی دووبەرەکێ و لێکترازانی ناوچەیی، زمانی و فەرهەنگین، بەڵام لەسەر دەستی نوخبە و ڕۆشنبیر، هونەرمەند و نووسەران و خەڵکی وشیار زمانمان لە ئاستێکی باشدایە و بەردەوامە لە بووژانەوە و گەشەکردن. بە بەراوردی پارچەکانی دیکەی کوردستان، هەرچەند لە سیستمی دەسەڵاتی ئێراندا ڕێگە بە خوێندنی زمانەکامان نەدراوە. بەڵام ڕەوتێکی خۆڕسکی فەرهەنگی و ئەدەبی کە لە چوار دەیەی ڕابردووەوە دەستی پێکردووە، بە بڕینی چەند قۆناغی جیاواز و هەوراز و نشێو، ئێستا خەرمانێک لە بەرهەم و شاکاری ئەدەبی هەر لە بوارەکانی "مێژوو، ئەدەبی زارەکی، وشەنامە و فەرهەنگی پسپۆڕی، شیعر، چیرۆک و ڕۆمان و ئەدەبی منداڵان و..." هاتوونەتە بەرهەم. ئەمانەش بێگومان بەرهەمی ئەنجومەنە فەرهەنگی و ئەدەبییەکان لە سەرتاسەری شارەکانی ڕۆژهەڵاتە کە لەسەر دەست و هەوڵ و ماندووبوون و دڵسۆزیی ئەو چالاکە فەرهەنگی و ئەدەبییانە بە سەدان، فێستیڤاڵ، کۆنگرە، سمینار و کۆڕی جۆراوجۆری ئەدەبی، فەرهەنگی و هونەری بەڕیوە چوون و ئەمانەش بەستێنێکی فراوانن بۆ گەشەکردنی زمانی نەتەوەییمان. ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە ئەو پاشاگەردانی، پشێوی و لە گرێژنە دەرچوونەی لە بواری زمان لە باشوور هەیە، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان زۆر کەمترە.

۵. گەشەکردنی دیالێکت و شێوەزارەکانی کوردیی خوارین لە زمانی کوردی و بەگشتی پرسی زمانی کوردی لە باشووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە دەکاتە پارێزگاکانی ئیلام، کرماشان چۆن دەبینن؟

گەشەی شێوەزارەکانی هەورامی و دیالێکتەکانی کوردیی خوارین (کەلهورڕی، فەیلی، لەکی و لوڕی) هاوشانی کورمانجیی ناوەڕاست و کورمانجیی سەروو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، نەتەنیا خەسار نییە، بەڵکوو وەک دەرفەتێک لەقەڵەم دەدرێت و ئەو بەرهەمانەش لەم بوارەدا و بەتایبەت لە دوو پارێزگای ئیلام و کرماشان هاتوونەتە بەرهەم جێگەی گەشبینی و بووژانەوەی زمانی نەتەوەیین. من لە چەندین بابەت و دیمانەی تایبەتدا و سەرەنجام لە کتێبێکدا بەناوی "دەروەچەی واران" (لەژێر چاپدایە) بە وردی پرژاومەتە سەر هەموو ڕەهەند و لایەنەکانی پێگەی زمان و ئەدەبی کوردی لە دوو هەرێمی زاگرۆس (ئیلام و کرماشان). من پێم وایە لە سێ دەیەی ڕابردوودا کۆمەڵگەی ئیلام و کرماشان تووشی داچڵەکان و ڕاچەنین و بووژانەوەیەکی ئەدەبی و فەرهەنگی بووە. ئەمەش هیچ پەیوەندییەکی بە بەرنامەی فەرهەنگیی حکوومەتی ئێرانەوە نییە، چونکە پلانی فەرهەنگیی حکوومەتی ئێران لە ئایدۆلۆژیی مەزهەبی و سڕینەوەی زمان و ناسنامەی نەتەوەیی و فەرهەنگی لە ئیلام و کرماشان زیاتر هیچ شتێکی دیکە نییە و باسکردن لێی کات بە خەساردانە. ئەم بووژانەوەیە چەند هۆکارێکی هەیە، یەکەم کاریگەری و هاوسنووربوونی کرماشان و ئیلام لەگەڵ باشووری کوردستان و ناوچەی خانەقین و هاتوچۆی کۆمەڵایەتی، کاریگەریی میدیا و چاپ و وەشانگەکانی باشووری کوردستان، کاریگەریی نووسەر، ئەدیب و هونەرمەندانی دوو پارێزگای سنە و ورمێ لەسەر ڕەوشی فەرهەنگیی ئیلام و کرماشان. لە گشت گرنگتر دەسپێکی ڕەوتی نوێی زمان و ئەدەبی کوردی لە دەیەی حەفتای هەتاوی ڕووی دا و ئەمەش هەڵێنجراوی گۆڕانکاریی فەرهەنگییە کە لەسەر دەستی نووسەران و

نوخبەکانی ئیلام ڕووی دا و لە دەیەی هەشتای هەتاویدا پێی نایە قۆناغێکی تازەترەوە و ئەم گەشەکردنە تەنیا لە شێعردا نەمایەوە و بە لەدایکبوونی ئەدەبی گێڕانەوە و پەخشان (چیرۆک و ڕۆمانی کەلهوڕی، فەیلی، لەکی و...) هەنگاوێکی مەزنی تۆمار کرد. لە دەیەی 90ی هەتاویدا گەشەکردنی زمان و ئەدەبی کوردیی خوارین لە ئیلام و کرماشان بەرینتر بووە و ئیدی لەو پرژی و بڵاوی و فۆرمە تاکەکەسییە دەرباز بوو، ئێستا دوای حەوت ساڵ لە دەیەی 90ی هەتاوی کە من بە دەیەی بووژانەوەی فەرهەنگی و زمانیی ئیلام و کرماشان پێناسەی دەکەم، خەریکە ئەم ڕەوتە بەرەبەرە فۆرم و ئاراستەی خۆی دەدۆزێتەوە و دەکرێ پیناسەی بکەین.

ئێستا پرسی زمانی نەتەوەیی و پێناسەکردنەوەی نوێی ناسنامە لە ئیلام و کرماشان لەڕێگەی فێربوونی زمانەوە کە لەڕاستیدا پێناسە و سنووری (من و ئەویتر) دیاری دەکات، بووەتە مژارێکی گرنگ، بۆیە حکوومەتی ئێران بۆ بەلاڕێدابردن و درزخستەن ناو ئەم بزووتنەوە فەرهەنگییە چەندان پیلانی دووبەرەکێ و ململانێی دوژمنکارانەی عەشیرەیی، زاراوەیی و ناوچەیی وەگەڕ خستووە.

داگیرکەر باش دەزانێت، ناسنامە و هەستی نەتەوەیی کە لە ڕەهەند و دەروازەی زمانی نەتەوەییەوە فۆرم بگرێت، بە زەبری سەرکوت و کوشتن و ژینۆسایدی فیزیکی ناتوێتەوە، بۆیە بە ڕەخساندنی شەڕی زاراوەگەری، ناوچەگەرێتی و ئەولەویەتدانان و سەپاندنی زارێک بەسەر ئەوانی دیکە، خەریکە ئاگری شەڕێک خۆش دەکات کە پێکهاتەی زمان کە خەریکە فۆرم دەگرێت، لێک هەڵبوەشێنێ و بگاتە ئامانجەکانی کە هەمان لێکترازانی نەتەوەیی و فەرهەنگی و ئایینییە. چونکە دەسەڵاتی هێژموونیخواز تەنیا بە نەمانی ئەویدی پێناسەی خۆی دەدۆزێتەوە. ئەگەر بێت و (ئێمە) باڵا و گەشە بکەین (ئەو) دەتوێتەوە و دەبێتە بڵقی سەر ئاو. بە خۆشییەوە تاڕادەیەک سەرەداوی ئەو پیلانانە خەریکن دەڕەوێنەوە و وشیاری و ئاگاییەک کە بەهۆی دونیای هاوچەرخ و کاریگەریی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، خێرا پیلانەکان دەبنە بڵقی سەر ئاو. کرماشان و ئیلام کە سێ دەیە لەمەوبەر کەوتبوونە ژێر هەژمۆنیی دەسەڵاتی فاشیزمی مەزهەبی و خەرک بوو دەخنکا و بۆ پەیوەندیگرتن بە بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد دەبوا زمانی "ئەویدی"ی بەکار هێنابا، ئەمڕۆکە گەیشتووەتە قۆناغێک لە گەشەی زمانی و نەتەوەیی کە نوخبە و نووسەر و داهێنەر و هونەرمەندانی سەرباشقەی ناوچەکانی دیکە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە ئەمە جێگەی گەشبینییە دەتوانین بووشیم، هەرێمی زاگرۆس و بەڕوو ئاخێزگە و شادەماری داهاتوو و ئەستووندەکی خێوەتی بزووتنەوەی کوردە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، چونکە زمانی کوردی تێیدا خەریکە باڵا دەکات.

بیوگرافی:

شەریف فەلاح؛ شاعێر، نووسەر، وەرگێڕ و لێکۆڵەری ئەدەبی کوردی، ساڵی ۱۳۵۳ی هەتاوی لە ئاوایی (گەزنە)ی سەر بە چەمشاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایک بووە و لە ساڵی ١٣٧٧ی هەتاوییەوە چالاکییە ئەدەبییەکانی خۆی لە ئەنجومەنی ئەدەبیی مەولەوی شاری سنە‌ و بە بڵاوکردنەوەی شێعر‌ و بابەتە ئەدەبییەکان لە گۆڤارەکانی سروە و زرێبار‌ و گۆڤارە خوێندكارییەكان ‌و حەفتەنامەكانی: ئاویەر‌ و سیروان لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان دەست پێکردووە، لە ساڵی ۱۳۸۰ی هەتاوی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بەجێ هێشتووە و لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتدا بۆ ماوەی ١٢ ساڵ پێشمەرگە بووە و ئێستاش لە چالاکییە ئەدەبی و فەرهەنگییەکانی بەردەوامە. لە ساڵی ۱۳۸۲ی هەتاوییەوە بە جیدی دەستی بە وەرگێڕان لە فارسییەوە بۆ کوردی کردووە و تاکوو ئێستا بە نووسین و وەرگێڕانەەوە ١٠ بەرهەمی چاپ و بڵاو کردووەتەوە و ۶ بەرهەمی نووسینی لەژێر چاپدان کە تایبەتن بە ئەدەب و زمانی کوردی لە ڕۆژهەڵات و چوار کتێبی دیکەشی ئامادەی چاپە.