کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پرۆسەی تۆمارکردنی جیهانیی قەڵای "فەلەکولئەفلاک" بەهۆی پێنەدانی بودجە ڕاوستاوە

12:34 - 18 سەرماوەز 2721

ماوەی چەند ساڵە باسێک لەسەر تۆمارکردنی جیهانیی قەڵای "فەلەکولئەفلاک" لە شاری "خوڕەم ئاوا"ی پارێزگای لوڕستان لە ئارادایە، بەڵام بەهۆی کەمتەرخەمیی کاربەدەستانی پەیوەندیداری ڕێژیمی ئێران، ئەو پرۆسەیە نەگەیشتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.

"فەلەکولئەفلاک" بۆ ئەوەیکە تۆماری جیهانی بکرێت دەبێ دەوروبەری ئازاد بکرێت، هەروەها پێویستی بە قایمکاری و نۆژەنکردنەوە هەیە و بەهۆی تەرخاننەکردنی بودجەی پێویست، کاری تۆمارکردنی جیهانیی ئەو قەڵایە ڕاگیراوە.

قەڵای "فەلەکولئەفلاک" یەکێک لە بەرچاوترین ئاسەوارە مێژووییەکانە و لە ناوەندی شاری "خوڕەم‌ئاوا" هەڵکەوتووە، مێژووی ئەو قەڵایە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ساسانییان.

ئەم میراتە بەنرخە ساڵی ١٣٤٩ی هەتاوی لە ئەرتشەوە ڕادەستی وەزارەتی فەرهەنگ و هونەری ئەوکاتی ئێران کرا. دواتر و لە ساڵی ١٣٥٤ی هەتاوی لەم قەڵایەدا مۆزەیەکی خەڵکناسی کرایەوە و کرا بە مۆزەخانە.

ئەم مۆزەخانەیە دوای شەڕی ئێران و عێراق و لە ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی چالاکیی خۆی دەست پێ کردەوە. هەروەها لە ساڵەکانی ٨٥ و ٨٦ و ٨٧ی هەتاوی بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری و بودجەوە، داخرابوو. لەم مۆزەخانەیەدا زیاتر لە ٥٠ ئاسەواری مێژوویی دەپارێزرێت.