کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پرۆسەی چارەسەرکردنی کچانی شیناوێ بەهۆی کۆرۆناوە ڕاگیراوە

10:25 - 25 سەرماوەز 2720

بەناو نوێنەری شارەکانی سەردەشت و پیرانشار لە مەجلیسی ڕێژیم ڕایگەیاند: "چارەسەرکردنی ڕەوتی دەوا و دەرمانی کچانی شیناوێ بەهۆی کۆرۆنا و مەترسی و لێکەوتەکان لە حاڵی حازردا ڕاگیراوە".

"کەماڵ حوسێنپوور" لە وتووێژێک لەگەڵ هەواڵدەریی "ئیسنا"ی سەر بە ڕێژیم ڕایگەیاند: "چارەسەرکردنی پزیشکیی کچانی شیناوێ لە سێ بەشی پشکنین، نەشتەگەری و لەیزەردەرمانی لە نەخۆشخانەی فاتمییەی تاران ئەنجام دەدرێت، بەڵام ئەم ماوەیە بەهۆی کۆرۆناوە چارەسەرە پزیشکییەکان بۆ ئەو کچانە ڕاگیراوە".

هەر چەند ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە هیچ بەرپرس و کەسایەتیی حەقیقی و حقووقی نابێت لە بواری چارەسەریی پزیشکیی کچانی قوتابخانەی شیناوێ کەمتەرخەمی بکەن، بەڵام سەرەڕای تێپەڕینی ٨ ساڵ بەسەر ئەو کارەساتەدا، هەتا ئێستا چارەسەرکردنی ئەو کچانە لە چوارچێوەی بەڵێنیی بەرپرسانی ڕێژیمدا ماوەتەوە.

لە ڕووداوی ئاگرگرتنی قوتابخانەی کچانە لە گوندی "شیناوێـ"ـی پیرانشار لە پارێزگای ورمێ لە ساڵی ١٣٩١ی هەتاوی، زیاتر لە ٢٩ کچ تووشی سووتاوی لەنێوان ٢٥هەتا ٧٥ لەسەد بوون کە دوو کەسیان بەهۆی قووڵیی برینەکانیانەوە گیانیان لەدەست دا.