کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پرۆفیسۆر دوکتور کەماڵ مەزهەر ئەحمەد مێژووناسی ناوداری کورد بۆ هەمیشە ناوی لە مێژوودا مایەوە

16:40 - 26 رەشەمه 2720

پرۆفیسۆر دوکتور "كه‌ماڵ مه‌زهه‌ر ئه‌حمه‌د"، مێژوونووسی ناوداری كورد ئەمڕۆ ڕێكەوتی ٢٦ی ڕەشەمە لە وڵاتی ئاڵمان کۆچی دوایی کرد.

پرۆفیسۆری مەزن دوکتور "کەماڵ" پاش نەخۆشییەکی درێژخایەن لە نەخۆشخانەیەکی شاری "بۆن" لە وڵاتی ئاڵمان کۆچی دوایی کرد و کۆتایی بە ژیانی پڕ سەروەریی هات.

دوکتور "کەماڵ" ژیانی تەرخانی کردبوو بۆ خزمەتی نەتەوەکەی و ماندوونەناسانە خۆی خستبووە پێناوی مێژووی شاراوەی ئەو کوردستانەی هەمیشە لەناخەوە بۆ دەسووتا.

بەهۆی نەخۆشیی کۆرۆنا پرسە و سەرەخۆشی بۆ ئەو پیاوە مەزنەی نەتەوەی کورد دانانرێ.

تەرمی ناوبراویش بە شێوەی کاتی لە ئاڵمان بەخاک دەسپێردرێت و لە کاتی گونجاودا لە زێدی خۆی و لە ڕێوڕەسمێكی بە شکۆدا بە خاکی کوردستان دەسپێردرێت.

دوکتور "کەماڵ مەزھەر ئەحمەد"، لە ساڵی ١٩٣٧ی زایینی لە گوندی "ئاغجەلەری" سەر بە شاری کەرکووک لەدایک بوو. لە ساڵی ١٩٥٩ی زایینی لە زانکۆی بەغدا کارناسیی مێژووی وەرگرت و دواتر چوو بۆ یەکیەتیی سۆڤیەت.

دوکتور "کەماڵ" لە سۆڤیەتدا لە ساڵی ١٩٦٩ زایینی لە ئەنستیتۆی ڕۆژھەڵاتناسیی ئاکادیمیای زانستەکانی سۆڤیەت دکتۆرای زانستەکانی وەرگرت. لە ساڵانی ١٩٧١ ھەتا ١٩٧٥ی زایینی سکرتێر و ھاوکاری بەرپرس لە پرسەکانی زانستی لە فەرھەنگستانی کوردیی بەغدا بووه.

دوکتور "کەماڵ مەزهەر ئەحمەد" دۆستی نزیکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و ڕێبەری شەهید دوکتور "قاسملوو'' بووە.