کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پرۆژە ئاوەدانکارییەکانی شاری شنۆ ماوەی بیست ساڵە تەنیا لەسەر کاغەز ماونەتەوە

13:25 - 1 جۆزەردان 2722

پرۆژە ئاوەدانکارییەکانی شاری شنۆ ماوەی دوو دەیەیە بەهۆی بێکیفایەتیی بەرپرسان و بە شێوەیەکی سیستماتیک نیوەکارە ماونەتەوە و باوەڕ و متمانەی دانیشتووانی ئەو شارەیان بە پێدانی وادە و بەڵێنیی درۆ بۆ تەواوکردنی ئەو پرۆژانە لەنێو بردووە.

یەکێک لەو پرۆژانە بەنداوی "چەپەراوێـ"ـیە کە ‌لە ١٠ كیلۆمیتریی جادەی شنۆ ـ پیرانشار هەڵکەوتووە. ساڵی ٨١ ئەو پرۆژەیە دەستی پێ کرد و بڕیار بوو لە ماوەی پێنج ساڵدا تەواو ببێت. ئەو پرۆژەیە هەتا ئێستا جگە لە خەساری ژینگەیی هیچ لێکەوتەیەکی دیکەی بۆ ناوچە نەبووە.

پرۆژەیەکی تر نەخۆشخانەی ٧٧ تەختیی ئەو شارەیە کە ساڵی ١٣٩٣ دەستی پێ کرد و بڕیار بوو لە ماوەی چوار ساڵدا کۆتایی پێ بێت. نەتەنیا دەفرایەتیی ئەو نەخۆشخانەیە بۆ ٦٤ تەخت کەم کراوە بەڵکوو ئەوە هەشت ساڵ لەم پرۆژەیە تێپەڕ دەبێت و کۆتایی پێ نەهاتووە.

لەلایەکی ترەوە "پردی پووشاوێ" کە ماوەی چوار ساڵ لەمەوپێش بەهۆی لافاو خراپ ببوو و بەپێی بەڵێنیی بەرپرسان دەبا لە هەمان ساڵدا نۆژەن کرابا، نیوەکارە ماوەتەوە و هاتوچۆی هاووڵاتییانیش لەم بەشە تووشی کێشە بووە.

هەروەها پرۆژەی دەرکردنی زێراوی شاری شنۆ کە لە ساڵی ١٣٩٥ـەوە دەستی پێ کردووە و سەرەڕای تەرخانکردنی بڕی ٤٣ میلیارد تمەن، لە جێگای خۆی ماوەتەوە.

هەو لەو پەیوەندییەدا پاڵاوتگەی زێراوی ئەو شارە لە ساڵی ١٣٩٧ـەوە دەستی بەکار کردووە و وەک تەواوی پرۆژەکانی دیکەی ئەو شارە جگە لە چاوەڕوانی هیچ بەهرەیەکی دیکەی بۆ هاووڵاتییان نەبووە.