کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پرۆژە عومرانییەکانی سپا هۆکاری سەرەکیی وێرانکارییەکانی لافاون

14:18 - 7 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا:  پرۆژە عومرانییەکانی سپا وەکوو: دروستکردنی بێهۆی بەنداو، ڕێگاوبان و تێکدانی دارستانەکان، تونێلسازی و پرۆژەکانی دیکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی هاتنی لافاو و ماڵوێرانیی ئەو ڕووداوەن.

لە ماوەی چەند ڕۆژی رابردوو، لە شارەکانی ئێران و کوردستاندا، هەزاران کەس ماڵ و حاڵیان تێک چووە،  کە بە وتەی بەرپرسانی ڕێژیم، لانیکەم ٥٠٠ خانوو لە پارێزگاکانی گوڵستان و مازندەران وێران بوونە.

هۆکاری سەرەکیی ئەو هەموو وێرانییە کە لەم پارێزگایانەدا ڕووی داوە بۆ پرۆژه عومرانییەکانی سپای پاسدارانی رێژیمی ئێران دەگەڕێتەوە، کە بە پارەیەکی زۆر، کەمترین و خراپترین پێداویستییەکانی سازکردنی خانوبەرە بەکار دێنن و بە دزینی پارەی خەڵک و خزمەتگوزاریی کەم، گیانی خەڵک لە کاتە قەیراناوییەکاندا دەخەنە مەترسییەوە.

لەم پێوەندییەدا، دەتوانین ئاماژه به مودیرییەتی ناکارامە و ناپسپۆڕانەی بەرپرسانی پرۆژە عومرانییەکان بکەین، کە بە دروستکردنی بەنداو، ڕێگاوبان و تێکدانی دارستانەکان، تونێلسازی و هەروەها پرۆژەکانی دیکە بوونەتە هۆکاری سەرەکیی بۆ زیاتربوونەوەی تەوژمی هاتنی لافاو کە ماڵوێرانی و کێشەی زیاتری بەدواوە دەبێت.