کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پرۆژە نیوەچڵەکان، ژیانی خەڵکیان تێک داوە

13:39 - 18 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: گرنگی نەدانی بەرپرسانی ڕێژیم و ئەندامانی شۆرای شاری سنه به دۆخی ئاو و ئاوەڕۆی ئەم شارە، ناڕەزایەتیی خەڵکی بەدواوە بووە.

هەواڵە بڵاوکراوەکان باس لەوە دەکەن کە خەڵکی شاری سنه بەتایبەت ئەو کەسانەی کە نیشتەجێی فازی ٢ی شارەکی ئەندیشەی ئەم شارەن، لەمەڕ پیسبوونی دۆخی شوێنی نیشتەجێبوونیان ناڕازین و داوا لە بەرپرسان دەکەن کە ئاوڕیک لەو دۆخە بدەنەوە.

پرۆژەی ٥٠٠ میتریی ئاوەڕۆ و ژێرخانسازیی بلواری کوردستان کە دەگاتە نەخۆشخانەی "تەوحید"ی شاری سنه، ساڵانێکە بە شیوەی نیوەچڵ ماوەتەوە و هیچ بەرپرسێک ئاوڕێک لەم دۆخە ناداتەوە.

نیوەچڵ مانەوەی ئەم پرۆژەیە و بۆنی پیسی ئاوەڕۆ، ساڵانێکە خەڵکی ئەم ناوچەیە ئازار دەدات و بووەتە هۆی تووشبوونی دانیشتووانی ئەم ناوچەیە بە نەخۆشییە باکتریاییەکان؛ لە لایەکی تریشەوە پیسبوونی ئەم ناوچەیە بووەتە هۆی هێرشی مێش و هەروەها کۆبوونەوەی ئاژەڵەکان لەم ناوچەیەدا.

ماوەیەک پێش ئێستاش هەر لەم ناوچەیەدا، کۆمەڵێک کرم هێرشیان کردبووە سەر ژیانی خەڵک، بە شێوەیەک کە لە ڤیدیۆ بڵاوکراوەکان نیشان دەدات، کرم هەموو حەوشە و سەربانی خانووەکانی ئەو گەڕەکەی گرتبووەوە.

پیسبوونی ژینگەی ئەم ناوچەیە بۆ دواخستنی پرۆژەی ئاو و ئاوەڕۆ دەگەڕیتەوە کە بەرپرسانی ئەم شارە و بەتایبەت ئەندامانی شۆرای شار، هیچ گرنگییەکی پێ نادەن و خەڵکیش ناچارن لەگەڵ ئەو کێشانە بژین.

ماوەیەک پێش، بەپێی ڕاپرسییەک کە لە کاناڵی تێلێگرامیی "سایت شهر سنندج"، لەبارەی چالاکییەکانی ئەندامانی شۆرای شاری سنە، لە ماوەی دوو ساڵدا ئەنجام درابوو،  ٨٦ لەسەدی خەڵک دەنگی ناڕازی، ١١ لەسەدی خەڵک دەنگی ڕازی و ٦ لەسەدی خەڵکیش دەنگیان بە ڕادەی مامناوەندیان پێ دابوو کە ئەمە نیشان دەدات کە دوای دوو ساڵ لە کاری ئەندامانی شۆرای شاری سنە، بە ڕای خەڵکی ئەو شارە هیچ کارێکی سوودبەخشیان نەکردووە.