کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پرۆژە چاکسازییەکانی سپا وێرانکەرن

12:56 - 10 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران، دانی بەوەدا ناوە، کە هەوڵەکانی سپا بۆ کەمکردنەوەی خەسارەکانی لافاو بێسوود بوون.

دوای دەستپێکردنی لافاو لە زۆربەی شار و پارێزگاکانی کوردستان و ئێراندا، بەتایبەتی لە پارێزگای گوڵستان، سپای پاسداران بە مەبەستی کردنەوەی ڕێگایەک بۆ لافاوەکە، هەتا بەو شێوەیە لە شار بچێتە دەرەوە، ڕێگایەکی ئاسنی لە ئاق‌قۆلا تەقاندەوە.

حەسەن ڕۆحانی، سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران، لە بارەی هەوڵەکانی سپا بۆ پێشگرتن لە زیاتربوونی خەسارەکان لێدوانی داوە و بە کارگەلێکی بێسوود ناوزەدی کردوون و وتوویەتی: "بۆم جێگای پرسیار بووە، کە بۆچی ئاو لە ئاق‌قۆلا و گۆمیشانەوە دەرناچێت. جادە و ڕێگا ئاسنەکانیان تێک داوە؛ ئەمە هیچ کاریگەرییەکی نەبووە، ئاو لە ئاراستەیەکەوە بۆ ئاراستەیەکی دیکە چووە. بەم کارە لافاو لە ئا‌ق‌قۆلاوە بۆ گۆمیشان ڕۆشتووە".

ئەم قسانەی حەسەن ڕۆحانی لە کاتێکدا بووە، کە بەرپرسانی سپاش خۆیان دانیان بە نازانستیبوونی پرۆژەکانیان ناوە.

کارناسان باس لەوە دەکەن، دروستکردنی ماڵ و بینا لە لێواری ڕووبارەکان و دروستکردنی بەنداو لە دارستانەکان و بڕینەوەی داری دارستانەکان، کە زۆربەی ئەم پرۆژە و کارانە لە لایەن سپاوە ئەنجام دراون، بە هۆکاری بەرزبوونەوەی خەسار و زیانەکانی ئەم لافاوە دەزانن.