کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پرۆژەکانی ڕێژیمی ئێران بەرگەی لافاوێک ناگرن

18:16 - 15 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: بە هۆی بارانبارینی لەڕادەبەدەر لە پارێزگاکانی باکووری ئێران، لافاو هەستاوەتەوە و خەسارەتی گیانی و ماڵی لێ کەوتووەتەوە.

بە هۆی بارانبارینی لەڕادەبەدەر لە ڕێکەوتی ١٥ی ڕەزبەر، لە پارێزگاکانی باکووری ئێران، سەرەڕای ئەوەی کە هەتا ئێستە چەندین هاووڵاتیی ئێرانی گیانیان لە دەست داوە و ئەو شوێنانەی کە لافاوی گرتوونی خەسارەتی ماڵیی زۆریان لێ کەوتووە، گیان لەدەستدانی هاووڵاتییان هەر بەردەوامە.

بە هۆی هەستانەوەی ئەم لافاوە پردی مووساوا لەسەر ڕێگای نەوشەهر بەتەواوەتی ڕووخاوە، ئەم لافاوە لە شاری ڕامسەریش بووەتە هۆی خەسارەتی ماڵیی بەرچاو و ڕووخانی چەندین بینا، پرد و پچڕانی کارەبا و تەلەفۆنی لێ کەوتووەتەوە.

ئەو پرد و شوێنانەی کە ڕووخاون، تەمەنی سازکردنیان لە ٢٠ ساڵ تێناپەڕێت، لە حاڵێکدا ئەو ڕێگاوبان و پرد و بینایانەی کە نزیک بە ٧٠ هەتا ٨٠ ساڵ دەبێت ساز کراون، هیچ خەسارێکیان بەر نەکەوتووە.

ڕێژیمی ئێران کە خۆی بە یەکەمی بێوینە لە ناوچەکە دەزانێت، هیچ بەرنامە و پلانێکی درێژخایەنی بۆ بەرەوڕووبوونەوەی لەگەڵ کارەساتە سروشتییەکان نییە و ئەو هاووڵاتییانەی کە لە وەها کات و ساتێکدا تووشی خەساری ماڵی و گیانی دەبن، لە ڕاستیدا قوربانیانی سیاسەتی هەڵە و نەزانکارییەکانی ڕێژیمن.