کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پرۆژەی تێلەکابینی ورمێ هێشتا تەواو نەکراوە

11:40 - 27 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: دوای تێپەڕینی دوو دەیە بەسەر پرۆژەی دروستکردنی درێژترین تێلەکابینی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، پرۆژەی تێلەکابینی ورمێ هێشتا بە ناتەواوی ماوەتەوە.

دوو دەیە پێش، بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، بڕیاری دروستکردنی درێژترین تێلەکابینی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستیان دەرکرد و ئەم پرۆژەیە دەستی بەکار کرد، بەڵام ئێستا دوای تێپەڕینی ئەو ماوە دوورودرێژە، تەنیا ئیسکلێتێکی لێ هەیە.

ئەم پرۆژەیە لە ساڵی ١٣٧٩دا دەستی بەکار کردووە و بڕیار بووە بە سێ فاز دروست بکرێت و تا شوێنە جیاوازەکانی ورمێ بگات و ساڵی ١٣٩٢ فازی یەکەمی تەواو بکرێت.

لە ماوەی ئەم چەندین ساڵەدا، بەرپرسانی ڕێژیم سەردانی ئەم پرۆژەیە دەکەن و وەک هەمیشە، تەنیا بەڵێن و وادەی بێبنەما دەدەن و هیچ هەوڵێک بۆ تەواوکردنی ئەم پرۆژە گەشتیارییە کە دەتوانێت ببێتە سەرچاوەیەکی دارایی باش بۆ خەڵکی ناوچەکە، نادەن.

بەرپرسانی ڕێژیم بەردەوام باس لە دابینکردنی بودجە بۆ ئەم پرۆژەیە دەکەن و لەم ڕاستایەدا، بەرپرسی گشتیی میراتی فەرهەنگی و پیشە دەستییەکانی پارێزگای ورمێ ڕایگەیاندبوو: "بۆ تەواوکردنی ئەم پرۆژەیە، بڕی ٣٠ میلیارد تمەن تەرخان کراوە و لە سەرەتای دەستپێکردنی پرۆژەکە، بڕی ٢٥ میلیارد تمەن بودجە بۆ ئەم پرۆژەیە تەرخان کراوە. بەڵام ئێستا نە بودجەکە دیارە چی بەسەردا هاتووە و نە پرۆژەکەش تەواو کراوە".