کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پرۆژەی جادەی سنە- مریوان دوای تێپەڕینی ١٧ ساڵ تەواو نەکراوە

18:39 - 6 گەلاوێژ 2720

پرۆژەی جادەی نوێی سنە- مەریوان کە لە ساڵی ١٣٨٢ی هەتاوییەوە دەستی پێکردووە، دوای تێپەڕینی ١٧ ساڵ هەروا ناتەواو ماوەتەوە و بەرپرسانی ڕێژیمیش تەنیا بەڵێنیی درۆیان بە خەڵک داوە.

جادەی سنە- مەریوان وەکوو یەکێک لە مەترسیدارترین جادەکانی  پارێزگای سنە، دۆخێکی زۆر نالەباری هەیە و بەردەوام بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆوە قوربانیی لێکەوتووەتەوە.

بەرپرسانی ڕێژیم لە پارێزگای سنە لەسەر تەواوکردنی ئەو جادەیە بەردەوام دانیشتنیان پێک هێناوە، بەڵام بەهۆی دزی و گەندەڵی دوای تێپەڕینی ١٧ ساڵ ئەو پرۆژەیان تەواو نەکردووە و تەنیا وادە و بەڵێنیی درۆ بە خەڵک دەدەن.  

ڕێگەوبانەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بەهۆی پێکهاتەی جوگرافی و ژمارەی زۆری دانیشتووان و بوونی دەروازەی سنووری، لە ڕیزی پڕهاتوچۆترین جادەکانی ئێراندان، بەڵام بەهۆی خراپی و ناستانداردبوونیانەوە بوونەتە جادەی مەرگ و بەپێی ئامارە فەرمییەکان ڕۆژانە زیاتر لە ٧ کەس لە جادەکانی کوردستان بەهۆی ڕووداوی هاتووچۆوە گیانیان لەدەست دەدەن.

بەهۆی دزی و گەندەڵیی سیستماتیک و ناکارامەیی و هەروەها پەراوێزخستنی پارێزگاکانی کوردستان، زۆربەی پرۆژە ئاوەدانییەکان بە ئەنجام نەگەیشتوون و بە نیوەچڵی بەجێ ماون.