کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پرۆژەی کەرتی تایبەت تەنیا پڕۆپاگەندەیەکی ڕێژیمی ئێران بووە

11:45 - 22 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: پرۆژەی کەرتی تایبەت لە ئێراندا هیچ قازانجێکی بۆ خەڵکی کوردستان و ئێران نەبووە، بەڵکوو تەنیا کڵاونانێک لەسەر خەڵک بووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، پرۆژەی کەرتی تایبەت (خصوصی سازی) لە سەردەمی سەرکۆماریی مەحموود ئەحمەدی‌نژاد، پڕۆپاگەندە و فریوکاری بووه، کە هەم کڵاو لەسەر دەوڵەت و هەم لەسەر خەڵکی بێدەرەتانی ئیران و کوردستان نراوە.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا باس لەوە دەکات، بەناو دەوڵەت لە پرۆژەی کەرتی تایبەتدا تێچووی و خەرجێکی زیاتری دایە دەست دەوڵەت و چۆنیەتیی خزمەتگوزاریی لە هەموو بوارەکانی هێنایە خوار.

بەدوای ئەو پرۆژەیە، تۆمارکردنی کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت لە لایەن دەوڵەتەوە دەستی پێ کرد و بۆ تۆمارکردنی ئەو کۆمپانیانە پارەیەکی زۆر ڕژاوەتە خەزێنەی دەوڵەت و کەسانی ناشارەزا و هەلپەرستەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵنێری کوردستان میدیا، بۆ تۆمارکردنی کۆمپانیاکان، چاوەدێران و بەڕێوەبەرانی ئەو کۆمپانیانە لە خزم و کەسوکاری خۆیان هەڵدەبژارد و پشکدارانی ڕێژیمیش کە سەردانی پرۆژەکانیان دەکرد، بە دانی بەرتیل چاویان لەسەر ڕاستییەکاندا دەشاردەوە و بەرژەوەندیی خەڵکیان فیدای قازانج و بەرژەوەندیی کۆمپانیا دەکرد.

لەو بێسەروبەرەییەدا کاری ئۆرگانەکانی ڕێژیم بە بەشی کەرتی تایبەت دەدرێن کە لێرەشدا زۆریک لە کارمەندەکان کەڵکیان لەوە دەرفەتە وەر دەگرن، کە هەم مووچە لە دەوڵەت وەر دەگرن و هەم خۆیان کۆمپانیایان داناوە و بوودجەی پرۆژەکانیان بۆ خۆیان هەڵ دەگرن.

بۆ نموونە کارێک کە بە ١میلیۆن تمەن جێبەجێ دەبێت، دە میلیۆنی بۆ تەرخان دەکەن. لە کلیپێکدا که لەم پێوەندییەدا لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کرابووەوە، بۆ قوتابخانەیەک کە بەشی زۆری کارەکەی لە لایەن خێرخوازانەوە بە ١٥٠ میلیۆن تمەن ساز کرابوو، ڕێژیم  بڕی ٥٠٠ مێلیۆن تمەنی تەنیا بۆ یەک لادیوار تەرخان کردبوو.

هەواڵنێری کوردستان میدیا، لە ڕاپۆرتەکەیدا باسی لەوە کرد، بە دوای پرۆژەی کەرتی تایبەتەدا هیچ کارێک لە ئۆرگانەکانی ڕێژیم ڕاناپەرێت و خەڵکی بێدەرەتان بە شوێن کۆمپانیاکاندا وێڵ و سەرگەردانن و سەرەڕای ئەوەش بۆ ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانیان، کەرەستەکان لەو پەڕی خراپیدا کەڵک وەر دەگرن، کە نموونەکەی مەسکەنی مێهر لە شارەکانی کوردستان و وێرانبوونیان لە بوومەلەرزەی کرماشانه.

هەواڵنێری کوردستان میدیا جەختی کردەوە، کە ئێستا لە ئێراندا تەواوی کارەکان بە بەشی کەرتی تایبەت دراون.

لەو بەشەدا ئەو کەسانەی کاری خەدەماتی دەکەن، بە شێوەی پەیمانی لە لایەن کۆمپانیاکان بە نزمترین نرخ دادەمەزرێن و زۆرترین پارەش بۆ ئەنجامی ئەو کارانە لە دەوڵەت وەر دەگیرێت.