کوردستان میدیا: گرینگینەدانی بەرپرسانی ڕێگاوبانی ڕێژیم بە پرۆژە پێوەندیدارەکان، کۆمەڵێک کێشەی بۆ خەڵکی کوردستان بەدواوە بووە، پرۆژەی جادەی بیجاڕ – هەمەدانیش لەو پرۆژانەیە کە پاش ٣٦ ساڵ، هێشتا بە نیوەچڵی ماوەتەوە.
پرۆژەی جادەی بیجاڕ- هەمەدان، پرۆژەیەکی پێوەندیدار بە وەزارەتی ڕێگاوبانی ڕێژیمە کە پاش تێپەڕبوونی ٣٦ ساڵ هێشتا بە نیوەچڵی ماوەتەوە و تەواو نەکراوە.
ئەم پرۆژەیە لە ساڵی ٦٢ی هەتاوییەوە دەستی پێکردووە و پاش تێپەڕینی ئەم ماوە زۆرە، بڕیارە ڕۆژی پێنجشەممە، ١٨ی ڕەزبەری ٩٨، "محەممەد ئیسلامی"، وەزیری ڕێگاوبانی ڕێژیم سەردانی پرۆژەکە بکات تا باس لە هۆکارەکانی تەواونەبوونی پرۆژەکە بکەن.
لەم سەفەرەدا بڕیارە ئەم بەرپرسەی ڕێژیم سەردانی پرۆژە نیوەکارەکانی شاری سەقز، جادەی سنە – مەریوان و توونێلی "باخانـ"ـی مەریوان و هەروەها جادەی سنووریی باشماخ بکات و هۆکارەکانی ڕاگیرانی پرۆژەکان تاوتوێ بکات.
لە ساڵی ٨٢ ـەوە هەتا ئێستا، بودجەیەکی ٥٠ میلیارد تمەنی بۆ تێچووەکانی پرۆژەی جادەی بیجاڕ – هەمەدان تەرخان کراوە، بەڵام هیچ گەشەیەک لە کاری پرۆژەکەدا نەبینراوە.
بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە بوارە جۆراوجۆرەکانی خزمەتگوزاریدا، بەردەوام بە گەندەڵی و لە ڕێگەی دزینی بودجە تەرخانکراوەکاندا، بوونەتە هۆکاری سەرەکی بۆ ناتەواومانەوەی پرۆژەکان و لەم نێوانەشدا، زیانێکی ئێجگار زۆر بە خەڵک گەیشتووە.