کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پزیشکەکانیش لە ژێر هێڵی هەژاریدان

11:18 - 13 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسی ئەنجومەنە زانستییەکانی گرووپی پزیشکیی ڕێژیمی ئێران، ڕایگەیاندووە کە زۆرینەی کۆمەڵگای پزیشکیی ئێران لە ژێر هێڵی هەژاریدان؛ هەروەها بەرپرسی وەزارەتی بێهداشتیش ئاماژەی به کێشەکانی کەرتی دەرمان و تێکچوونی پیشەی دەرمان کردووە.

ئیرەج فازڵ، بەرپرسی ئەنجومەنە زانستییەکانی گرووپی پزیشکیی ڕێژیمی ئێران سەبارەت بەوەیکە کێشەگەلێکی گەورە لە بەشی پزیشکیی ئێراندا هەیە، ڕایگەیاندووە: بەشی پزیشکیی ئێران چ لە کەرتی تایبەت و چ لە کەرتی دەوڵەتیدا دۆخێکی باشی نییە."

ناوبراو باسی لەوە کردووە کە کۆمەڵگای پزیشکی لە دوو لاوە تووشی کێشە بووە، یەکێک ئەوەی کە بەردەوام دەوترێت کە پزیشکی کارێکی پڕداهاتە و لە لایەکی تریشەوە زۆرینەی کۆمەڵگای پزیشکیی ئێستا لە ژێر هێڵی هەژاریدان و تەنیا هەندێک کەس لەم کارە کەڵکئاژۆ وەرئەگرن.

لەمبارەوە، ئیرج خۆسرەونیا، بەرپرسی کۆمەڵگای پزیشکە پسپۆڕە داخڵییەکانی ئێران سەبارەت به دۆخی هەنووکەیی کۆمەڵگای پزیشکی و ئەوەی کە ئایا پزیشکەکانیش لە ژێر هێڵی هەژاریدان ڕایگەیاندووە: هێڵی هەژاری یانی ئەوەی کە داهاتێکی کەمتر لە ٤ میلیۆنمان نەبێت، ئەمە لە حاڵێکدایە که پزیشکێکی گشتی کە ١٥ ساڵ لەمەوپیش خانەنشین کراوە به مووچەیەکی ١ و نیو تا ٢ میلیۆنییەوە ژیان دەکات، ئەمە واتە ئەو پزیشکە لە ژێر هێڵی هەژاریدایە.

بە وتەی ناوبراو، تەنیا ٥ لەسەدی پزیشکانی ئێران داهاتی باشیان هەیە و ٥٠ تا ٦٠ لەسەدی کۆمەڵگای پزیشکی لە دابینکردنی تێچووەکانی ژیانیان دۆشداماون.

لە لایەکی تریشەوە، سەعید نەمەکی، سەرپەرستی وەزارەتی بێهداشتی ڕێژیم، دەرمانی بە یەکێک لە کێشە سەرەکییەکان ناو بردووە و وتوویەتی: لە بیاڤی دەرماندا کێشەمان زۆرە، پیشەی دەرمانسازیمان خەریکی تێکچوون و پێشێل بوونە.

لە ئێراندا، لە لایەکەوە نەخۆشەکان لەگەڵ تێچووی قورسی دەرمان بەرەوڕوون و لە لایەکی تریشەوە دەرمانخانەکان و کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکان کێشەی نەخدینەییان هەیە. بەرپرسانی دەرمانخانەکان دەڵێن: دەرمان هەیە بەڵام دەرمانخانەکان توانایی کڕینیان نییە، کۆمپانیا بیمەییەکانیش پارەی دەرمانخانەکان نادەنەوە یان پاش ماوەیەکی زۆر و درەنگ دەیدەنەوە.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە حەسەن ڕوحانی بەڵێنی دابوو کە لە گەڵاڵەی "تحول سلامت" دا پشکی بنەماڵەکان لە تێچووی دەرمان و نایەکسانی لە خزمەتگوزارییە پزیشکییەکاندا کەم بکاتەوە بەڵام، تاکوو ئێستا ئەم گەڵاڵەیە لە مەجلیسدا به هیچ ئاکامێک نەگەیشتووە.