کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پزیشکەکانیش، ئێران بەجێ دەهێڵن

11:09 - 10 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئێران لەگەڵ نەبوونی پزیشک ڕووبەڕوویە و پزیشکان بە هۆی بێکارییەوە هەڵدێن.

هەواڵدەریی "ئیسنا"، سەر بە ڕێژیم، لە زاری "ئیرەج حەریرچی"، جێگری وەزارەتی بێهداشتی ڕێژیمی ئێران، بڵاوی کردووەتەوە کە بە هۆی کۆچکردنی پزیشکەکان، ئێران لەگەڵ نەبوونی پزیشک بەرەوڕوویە.

ئەم بەرپرسەی ڕێژیم وتوویەتی: "ڕێژەی پزیشکی گشتی، پسپۆڕان و پزیشکی ددان لە ئێراندا، ۱.۶ کەس، بەرامبەر بە ١٠٠٠ کەسە، لە حاڵێکدا کە دەبێ ۲.۵ کەس بەرامبەر بە ١٠٠٠ کەس بێت".

ناوبراو ئاماژەی بەوە کردووە کە زۆربەی وڵاتانی جیهان، لەم پەیوەندییەدا ڕێژەکەیان، ٥.٣ تا ٥ کەس بەرامبەر بە ١٠٠٠ کەسە.

ئەم بەرپرسەی ڕێژیم ساڵی ڕابردوو وتبووی: "١٥ هەزار پزیشکی ئێرانی کاری پزیشکی ناکەن و ئەمە بووەتە هۆی کۆچکردنی پزیشکان بۆ وڵاتانی دیکە".

بەپێی ئامارە بڵاوکراوەکانی خودی ڕێژیم، لە ساڵی ٩٥دا، یەک هەزار و ٩٨٠ پزیشک لە ئێراندا کۆچیان کردووە و هەموو ساڵێک زیاتر لە هەزار پەرستار بەهۆی نەبوونی کار و گرینگینەدانی ڕێژیم بەو توێژە، بۆ وڵاتانی دەرەوە کۆچ دەکەن.

هەر لەم پەیوەندییەدا و بەپێی ئامارە بڵاوکراوەکان، لە ٤٠ هەزار خوێندکاری دەرچوو لە بەشی "مامایی"، ١٥ هەزار کەسیان بێکارن.

 ئەمە لە حاڵێکدایە کە بەپێی ستانداردە نێونەتەوەییەکان، لە بڕی هەر ١٠٠٠ لەدایکبوونێک، دەبێ ٣٠ تا ٥٠ "ماما" لە سیستمێکدا بوونی هەبێت، کە لە ئێراندا لە بڕی ئەوە، تەنیا ١٢ "ماما" بوونی هەیە.