کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پشتیوانی لە حیزبی دێموکرات و مەحکوومکردنی تێرۆریستان بەردەوامە

12:00 - 4 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: ئەندام و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە شارەکانی کوردستان، بە بەڕێوەبردنی چالاکیی تەبلیغی، پشتیوانیی خۆیان لە حیزبی دێموکرات و بێزارییان لە تێرۆریستانی ڕێژیم دەربڕی.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، چاونەترسانی دێموکرات لە شاری مەریوان، بە هەڵکردنی یووبیلی زێڕینی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لەسەر پردی هەوایی بەرانبەر پارکی شانۆ، پشتیوانیی خۆیان لە حیزبی دێموکرات دەربڕی.

هەروەها خاکیپۆشانی دێموکرات لە مەهاباد، لە گوندی "وسووکەند"، لە شاخی "بەرئەشکەوتان" کە شوێنێکی گەشتیارییە و خەڵکێکی زۆر ڕوو لەو شوێنە دەکەن، بە نووسینی دروشمی تایبەت بە مەحکوومکردنی سپای تێرۆریستیی پاسدارانی ڕێژیم و پشتیوانی لە خەباتی پێشمەرگە و حیزبی دێموکرات، بەگژ داگیرکەردا چوونەوە.

درووشمەکانی ئەو چالاکییە بریتی بوون لە: "مەرگ بۆ جاش و خۆفرۆش"، "ڕاسان بەردەوامە، جاشەکان زۆرتان نەماوە"، "قاسملوو ڕێگات درێژەی هەیە"، "پێشمەرگە زامنی کوردستان"، "ڕاسان تا لووتکە بەردەوامە"، "بژی حدکا"و "بژی حیزبی دێموکرات".