کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پشتیوانی لە ڕاسان و حیزبی دێموکرات بەردەوامە

12:12 - 12 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە شاری بانە، چالاکیی تەبلیغییان بۆ پشتگری لە حیزب و ڕاسان بەڕێوە برد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی چوارشەممە ١١ی بانەمەڕ، قارەمانانی دێموکرات، لە ئاربابای بانەوە، پشتگریی خۆیان بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و ڕاسان بە بەڕێوەبردنی چالاکیی تەبلیغی دەربڕی.

لەو چالاکییەدا، جامانە لە ملانی دێموکرات، بە هەڵکردنی ئاڵای پیرۆزی کوردستان و دانانی جامانە و گوڵی هەڵاڵە و نووسینی دروشمگەلێک وەک: "بژی ڕاسان"، "بژی حدکا"، "بانە بەکاتی ڕاسان"و "ڕاسان بەردەوامە"، خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و ڕاسانیان بەرز نرخاند.

هەر لەو پێوەندییەدا، خاکیپۆشانی مەتەرێزی شار، لە تەنگیسەری دێموکراتپەروەرەوە، بە نووسینی پەیامێک، هاوخەمیی خۆیان بۆ کۆچی دواییی فەرماندە "حەسەن سەرسپی" دەربڕی و سەرەخۆشییان لە بنەماڵەی دێموکرات کرد.

ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە ئەنجامدانی چالاکیی بەرین و بەردەوامی تەبلیغاتی لە شارەکانی کوردستان، پشتیوانیی خۆیان لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کورد و بێزارییان لە ڕێژیم دەردەبڕن.