کوردستان میدیا: هێرشی ئەرتشی تورکیە بۆ سەر نەتەوەی کورد لە کوردستانی ڕۆژئاوا، دژکردەوە و هەڵوێستیی جیهانیی لێکەوتووەتەوە؛ سیاسەتمەداران، هونەرمەندان و کەسایەتییە ناوسراوەکان هێرشی تورکیەیان مەحکووم کرد.
کەسایەتییە سیاسی، وەرزشی و هونەرییەکان لە ئێران و دەرەوەی وڵاتدا، هێرشەکانی تورکیە بۆ سەر کوردستان مەحکووم دەکەن.
"ژان میشێل بلانکوێر"، وەزیری پەروەردە و بارهێنانی فەرانسە لە پەیامێکی تویتێریدا بۆ پشتیوانی لە کوردستان نووسیویەتی: "ئەمشەو ئێمە هەموو کوردین".
"شێخ دیاباتە"، یاریزانی خەڵکی وڵاتی "مالی"، سەر بە یانەی "ئیستقلال"، لە ستۆریی پەیجی ئینستاگرامیی خۆی، بە دانانی ئاڵای کوردستان، وێڕای ئەوەیکە پشتیوانیی لە نەتەوەی کورد کرد، نووسیویەتی: "ئێمە هەموومان یەکێکین و پشتیوانی لە کوردستانی ڕۆژئاوا بکەن".
"نەوید محەممەدزادە"، ئەکتەری شانۆ و سینەما، خەڵکی ئیلام، لە پەیجی ئینستاگرامیی خۆی، بە دانانی گرتە ڤیدیۆیەکی حەماسی، پشتیوانیی لە کورد و کوردستان کرد.
"شاهین نەجەفی"، هونەرمەندی ناوداری ئێرانی، بە دانانی ئاڵای کوردستان، نووسیویەتی: "ڕۆژئاوا ئەو شوێنەیە کە مۆتەکەی حکوومەتی لێ نییە، ڕۆژئاوای ئازاد نامرێت".
"مەجید خەراتها"، یەکێکی دیکە لە هونەرمەندانی ئێرانی لە ئینستاگرامی خۆیدا بڵاوی کردووەتەوە: "بژی کورد، بژی کوردستان. هیوادارم بە دوور لە شەڕ و خوێنڕشتن هەمیشە لە ئەمن و ئەماندا بن".