کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پشتیوانیی خەڵکی کوردستان لە خەڵکی خرۆشاوی ئەحواز بەردەوامە

12:28 - 2 گەلاوێژ 2721

ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران لە شارەکانی پیرانشار و بۆکان بە بڵاوکردنەوەی تراکت و پۆستێری تایبەت، پشتیوانیی خۆیان لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان کە لە ئەحواز بەڕێوە دەچێت و چەندین شاری گرتووەتەوە، دەربڕی.

ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە پیرانشار و لە شارۆچکەی پەسوێ لە شوێنەکانی وەک ''مزگەوتی جامعە،  قوتابخانەی شەوانەڕۆژی، قوتابخانەی کوڕانەی تەوحید، قوتابخانەی کوڕانەی موتەهەری، چوارڕێیانی ئاشی دیژبان، تالاری ڕۆژ، نەخۆشخانەی شەقامی تەوحید، شەقامی شورا، شەقامی عەلی حەیرانی، سەرقەبران، نیروگای بەرق، مزگەوتی کانی زنجیرچی، شەقامی عەلی پیران و دەوروبەری" بۆ پشتیوانی لە خەڵکی ئەحواز تراکت و پۆستێریان بڵاو کردەوە.

هەروەها ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە گەڕەکی میراوای بۆکان بە نووسینی دروشمی ''ڕاسان لە کوردستان هاوخەباتە لەگەڵ خوزستان'' پشتیوانیی خۆیان لە خەڵکی خرۆشاوی ئەحواز دەربڕی.

خۆپیشاندانەکان لە شارەکانی ئەحواز بەهۆی بێ ئاوی دەستی پێکرد و لە ١٠هەمین ڕۆژی خۆیدا بۆ چەندین شاری دیکە پەرەی سەندووە و هەتا ئێستا چەندین کەس لە خەڵکی ناڕازی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کوژراون و دەیان کەسیش بریندار بوونە.