کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پشتیوانیی مەجلیسی ڕێژیم لە سپا: کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەکە، هەڵەی ئەندامێکی بنەماڵە بووە

17:51 - 22 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: بەناو نوێنەرانی خەڵک لە مەجلیسی ڕێژیم لە بەیانییەکدا پشتیوانیی خۆیان لە سپای تێرۆریستی پاسداران دەربڕیوە و هەڕشەیان لە خەڵک کردووە و وتوویانە، ڕێگا نادەین دوژمنان لە بابەتی کەوتنە خوارەوەی فڕۆکە ئۆکراینییەکە، کاڵکاژۆ وەڕبگرن.

ڕۆژی یەکشەممە، ٢٢ی بەفرانبار، بەناو نوێنەرانی خەڵک لە مەجلیسی ڕێژیم لە بەیانییەیەکدا ڕایانگەیاندووە کە خستنە خوارەوەی فڕۆکەی ئۆکراینی لەلایەن سپای پاسدارانەوە، هەڵە لە ئەندامی بنەماڵەیەک بووە و هەڕەشەیان لە خەڵک کردووە و وتوویانە ڕێگا نادەین دوژمنان لەم بابەتە کەڵکاژۆ وەربگرن.

لەم بەیانییەیەدا کە لە مەجلیسی ڕێژیمی ئێران خوێندراوەتەوە، ١٨٦ کەس بەناو نوێنەرانی خەڵک لە مەجلیس، بە شێوەی تێروتەسەل هێرشی سپای تێرۆریستی پاسدارانیان بۆ سەر پایگاکانی ئامریکا لە عێراق بەرز نرخاندووە.

هەروەها لەو بەیانییەدا ڕێز لە سپای تێرۆریستی پاسداران بۆ وەئەستۆگرتنی بەرپرسیاریەتیی خستنە خوارەوەی فڕۆکەی ئۆکراین کە ١٧٦ کەس تێیدا بوون بە قوربانی، گیراوە.

دوابەدوای دانپێدانانی ڕێژیم بەو تاوانە گەورەیە، پاش سێ ڕۆژ درۆ و چەواشەکاریی ڕێبەرانی ڕێژیم، خۆپیشاندانەکانی خەڵک لە زانکۆکانی تارانەوە دەستی پێکرد و لە ماوەیەکی کورتدا شارەکانی دیکەی گرتەوە و خەڵکی وەزاڵەهاتوو پەیوەست بەو خۆپیشاندانانەوە بوون.