کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پشتیوانیی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئێران

16:06 - 25 خەزەڵوەر 2719

کوردستان میدیا: ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران پشتیوانیی لە خۆپیشاندانەکانی خەڵكی خرۆشاو دەکات و داوای کردووە کە ڕێژیمی ئێران بە چۆک دابێنن.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

خەڵکی عەداڵەتخواز و ئازادیخوازی ئێران

کۆمەڵانی تێکۆشەری خەڵکی کوردستان

پاش ڕاگەیاندنی بەرزبوونەوەی ٣٠٠٪ لەسەدیی نرخی بێنزین لەلایەن دەوڵەتی کۆماری ئیسلامییەوە، خەڵکی شار و ناوچە جیاجیاکانی ئێران و كوردستان لە ناڕەزایەتی بەم بڕیارە بە ڕاگرتنی ئۆتۆمبیلەکانیان، داخستنی شەقام و جادەکان، بێزاری و بێ دەرەتانیی خۆیان ڕاگەیاند و هێزە ئەمنییەتییەكان دەستیان نەپاراستووە و شەهید و برینداری لێكەوتەوە.

گرانکردنی نرخی بێنزین کە دەبێتە هۆی گرانبوونی زیاتری هەموو پێداویستییەکانی ژیانی خەڵک لەلایەن دەوڵەتەوە لە کاتێکدایە کە خەڵکی ئێران و بەتایبەتی لە ماوەی یەک دوو ساڵی ڕابردوودا لە خراپترین دۆخی ژیان، بە ئابوورییەکی هەژارانەوە دەژین.

هەمووان دەزانن کە ئێران وڵاتێکی دەوڵەمەندە بە سامانە سروشتی، بەڵام ئەوە سیاسەتە هەڵە و چەوتەکانی کۆماری ئیسلامییە کە لە ماوەی چوار دەیە دەسەڵاتداریی خۆیدا، ئەم دۆخەی بۆ خەڵکی ئێران بە دیاری هێناوە.

کۆماری ئیسلامی بە پرۆژە ناپێویست و زیانبارەکانی، بە دزین و تاڵانکارییەکانی سەروەت و سامانی خەڵک و بە تەرخانکردنی دارایی خەڵکی ئێران بۆ پشتیوانیکردن لە تێرۆریزمی نێودەوڵەتی و دەستێوەردانە ئاژاوەگێڕییەکانی لە وڵاتانی ناوچەکە و جیهان، هۆکاری بەفیڕۆدانی سامانی ئێران و ئەو هەژارییە لەڕادەبەدەرەی خەڵکی ئێرانە.

بەپێی ڕاگەیەندراوی جەماوەری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڕیارە ئەمڕۆ شەممە، ٢٥ی خەزەڵوەر خەڵک لە مەیدان و شەقامە سەرەکییەکاکانی شارەکانی خۆیان دژی ئەم بڕیارەی دەوڵەت بووەستنەوە. هەتا نووسینی ئەم ڕاگەیاندنە (ئەگەرچی هێڵی ئێنتێرنێت لە ئێران بچڕاوە یان زۆر خاوە) خەڵک بە ڕاگرتنی ئۆتۆمبیلەکانیان لەسەر شەقام و جادەکان لە ناڕەزایەتی دەربڕیندان.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران ئەم خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕینانەی خەڵکی ئێران بەم بڕیارە و بە دۆخی ژیانیان بە ڕەوا و بەحەق دەزانێت و پشتیوانیی لێ دەکات و داواکارە هەتا بە چۆک داهێنانی ڕێژیم و باندە مافیاییەکانی درێژە بە هەڵوێستی شیاو و بوێرانەیان بدەن.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

٢٥ی خەزەڵوەری ١٣٩٨ی هەتاوی

١٦ی نوامبری ٢٠١٩ی زایینی