ناوەندی ژنانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بۆ پشتیوانی لە خۆپیشاندانەکانی ئەحواز بەیانییەیەکی بڵاو کردەوە.
دەقی بەیانییەکە بەم چەشنەیە:
ناوەندی ژنانی کوردستانی ڕۆژهەڵات پشتیوانی لە ناڕەزایی خەڵكی خوزستان دەكات
جەماوەری خەڵكی كوردستان...
ژنانی ئازادیخواز...
نەتەوە بندەست و ئازادیخوازەكانی ئێران...
ناوەندە نێودەوڵەتییەكانی مافی مرۆڤ...
ماوەی هەفتەیەكە لە چەندین شار و ناوچەی پارێزگای خوزستان خۆپیشاندان و ناڕەزایی دژی نەبوونی سەرەتاییترین پێداویستیەکانی ژیان وەک ئاو و بەرق دەستی پێكردوە و ڕێژیمی سەرکوتکەری کۆماری ئیسلامی ئەمجارەش سەرەڕای شەق شەقبوونی پەیکەرەی خۆی هەوڵی سەرکوتی ئەو دەنگە مافخوازانەی خەڵکی ناڕازی داوە و تا ئێستا بەپێی هەواڵەکان ڕێژەیەکی زۆر بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەكانی ڕێژیم بەداخەوە گیانیان لەدەست داوە و ژمارەیەكی زۆریش دەستگیر كراون.
ئەگەرچی خۆپیشاندانەكان دژ بە نەبوونی خزمەتگوزاری و نەبوونی ئاو و بەرق دەستی پێكرد، بەڵام لە بەردەوامیی ئەو خۆپیشاندانانە دروشمی خەڵكی ناڕازی تەنیا ڕووخانی كۆماری ئیسلامی و كۆتاییهاتن بەو هەموو نەهامەتییەیە كە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ڕێژیمەوە بەسەریاندا سەپاوە.
كۆماری ئیسلامی كە بە درێژایی تەمەنی خۆی هەموو ناڕەزایی و خۆپیشاندانێكی خەڵكی بەشێوەیەكی دڕندانە سەركوت كردووە، ئەمجاریش لە ڕێگەی زەبر و زەنگ و تەقەكردن هەوڵ بۆ بێدەنگكردنی دەنگی ناڕەزایی خەڵک دەدات.
بەرپرسانی ڕێژیم كە هەمیشە ژیان و خزمەتگوزارییەكانی نەتەوەكانی ئێرانیان پشتگوێ خستووە، لە بڕی چارەسەریی كێشەكان و دابینكردنی پێداویستیی سەرەتاییەكان، سەركوتی ناڕەزاییەكان دەكات.
لەئێستادا ناڕەزایەتییەکان گەیشتووەتە شارەکانی کرماشان، ئیسفەهان و بوشێهر و پشتیوانییەکی زۆریش لە خەباتی خەڵکی خوزستان دەبیندرێت و ڕۆڵی بەرچاوی ژنانی خوزستان و چالاکانی ژنی ئێرانیش حاشاهەڵنەگرە و ئەمەش لە ڕەوتی خەباتی ئێستادا گرینگ و چارەنووس سازە.
ناوەندی ژنانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، پشتیوانی خۆی لە ئاخێزی خەڵكی ناڕازی پارێزگای خوزستان و سەرجەم داوا ڕەواكانیان دەكات و داوا لە ژنان و پیاوان و سەرجەم نەتەوە بندەستەكانی ئێران و بەتایبەت جەماوەری هۆشیاری خەڵكی كوردستان دەكات پشتیوان و هاودەنگی ئەو ناڕەزاییانە بن و دژ بە سیاسەتە نا ئینسانییەكانی كۆماری ئیسلامی بێدەنگ نەبن.
ناوەندی ژنانی هەروەها داوا لە ناوەندە نێودەوڵەتییەكانی مافی مرۆڤ دەكات بە هانای خەڵكی ستەملێكراوی خوزستانەوە بێن و ناڕەزایی خۆیان دژ بە سەركوت و كوشتاری خۆپیشاندەران لەلایەن هێزە سەركوتکەرەكانی كۆماری ئیسلامییەوە دەرببڕن.
مەرگ و نەمان بۆ دەسەڵاتی ڕەشی كۆماری ئیسلامی
سەركەوێ خەباتی ڕەوای گەلانی ئێران
ناوەندی ژنانی کوردستانی ڕۆژهەڵات
٣١ی پوشپەڕی ١٤٠٠
٢٢ی جولای ٢٠٢١