کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پشتیوانیی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا لە خۆپیشاندانەکانی خەڵکی ئێران

13:29 - 27 بانەمەڕ 2722

''نێد پرایس'' وەتەبیژی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا وتوویەتی، واشنتۆن لە مافی ئازادیی ڕادەربڕین و ئازادیی گردبوونەوەی خەڵکی بوێری ئێران پشتیوانی دەکات.

''پرایس'' ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی بانەمەڕ، لە تویتێکدا بە بوێر ناوبردنی خەڵکی ئێران نووسی: ''خەڵکی ئێران ئەو مافەیان هەیە کە ڕێژیمی ئێران وڵامدەر بکەن''.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا وتوویەتی: ''ئێمە لە مافی خەڵکی ئێران لە پێکهێنانی خۆپیشاندانی ئاشتییانە و مافی ئازادی ڕادەربڕین لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بەبێ ترس لە توندوتیژی پشتیوانی دەکەین".

لە کاردانەوە بە هەڵوێستی ئامریکا، ''سەعید خەتیبزادە'' وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران پشتیوانیی ئامریکای لە خۆپیشاندانی خەڵک بە دەستێوەردانی ئاشکرای واشنتۆن لە کاروباری ئێران ناو لێ بردووە.

دوای شەپۆلێکی دیکەی گرانی، خەڵکی ئێران و کوردستان ڕژانە سەر شەقامەکان و دژی دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی ئێران دروشمیان دا. ڕێژیمی ئێران وڵامی داخوازیی خەڵکی وەکوو پێشوو لە ڕێگای سەرکوت و توندوتیژی داوەتەوە.