کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پشتیوانیی ٢٣٠ چالاکی سیاسی و مەدەنی لە مانگرتنی کرێکاران لە ئێران

17:53 - 7 پووشپەڕ 2721

بە درێژە و پەرەگرتنی مانگرتنی کرێکارانی پیشەی نەوت، گاز و پێترۆشیمیی ئێران ٢٣٠ کەس لە چالاکانی سیاسی، مەدەنی و سێنفی و مافی مرۆیی لە نێوخۆ و دەرەوەی ئێران بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک پشتیوانیی خۆیان لە مانگرتنی کرێکاران دەربڕی.

لە شەپۆڵی نوێی مانگرتنی کرێکاران لە ئێران لە ژێر ناوی ''کەمپەینی ١٤٠٠'' کە لە ٢٩ی جۆزەردانەوە دەستی پێ کردووە، لە ئێستادا زیاتر پەڕەی گرتووە، ناڕازییان دەڵێن ئەگەر وڵامی داواکارییەکانیان نەدەنەوە مانگرتەنەکانیان زیاتر پەرە پێ دەدەن.

بڕیارە ڕۆژی ٩ پووشپەڕ کرێکارانی فەرمیی وەزارەتی نەوت مان بگرن و ئەگەر هەتا کۆتایی مانگی گەڵاویژ وڵامیان نەدرێتەوە، ڕەوتی مانگرتنەکان بەرینتر بکەن.

هەتا ئێستا زیاتر لە ٦١ شیرکەت لە چەندین پارێزگای ئێران و کوردستان بەو شەپۆلە ناڕزایەتییە پەیوەست بوونە.

گەندەڵی لە تایبەتیکردنی یەکە پیشەییەکان، گرێبەستی کاتی، نەبوونی ئەمنییەتی پیشەیی، ڕووداوی مەرگهێنەری کار و نەبوونی هاوسەنگی لە نێوان مووچە و گرانییەکان لەو هۆکاری ناڕیزایەتی کرێکارانه.

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران هەتا ئێستا داخوازییەکانی کرێکارانیان پشت گوێ خستووە، دامەزراوە کرێکارییەکانی سەربەخۆ بە فەرمی ناناسن و چالاکانی کرێکاری بەردەوام ڕوبەرووی تۆمەتی سیاسی و ئەمنییەتی دەبنەوە.