کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پشتیوانیی ڕاشکاوانەی ڕێژیمی ئێران لە توندڕەوی و تێرۆریزم

17:40 - 11 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: وەزیری کاروباری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاند: "ئامریکا خاوەن ئەو پێگەیە نییە کە «اخوان‌المسلمین» بە تێرۆریست بناسێنێت".

ڕۆژی چوارشەممە، ١١ی بانەمەڕ، جەواد زەریف، وەزیری کاروباری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، لە پایتەختی وڵاتی قەتەردا، ڕەخنەی لە بڕیاری دەوڵەتی ترامپ گرت کە دەیهەوێت "اخوان‌المسلمین"ـی میسر بە تێرۆریست بناسێنێت.

ناوبراو لەمبارەوە وتوویەتی: "ئامریکا خاوەن ئەو پێگەیە نییە کە لایەنەکان بە تێرۆریست بناسێنێت و ئێمە ئەم هەوڵەی ئامریکا ڕەت دەکەینەوە."

جەواد زەریف، لە درێژەدا ئاماژەی بە پشتیوانیی ئامریکا لە دەوڵەتی ئیسرائیل کرد و وتی: "ئامریکا گەورەترین پشتیوانی تێرۆریست لە ناوچەکەیە و ئەویش ئیسرائیلە."

کۆشکی سپی، ڕۆژی سێشەممە، ١٠ی بانەمەڕ، ڕایگەیاند کە لە هەوڵدایە «اخوان‌المسلمین» وەکوو ڕێکخراوەیەکی تێرۆریستی بناسێنێت و پاش بەئاکام گەیشتنی ئەم بڕیارە، ئەم ڕێکخراوە تەحریم دەکات.

پاش سەفەری "عبدالفتاح السیسی"، سەرکۆماری میسر بۆ ئامریکا و دیداری لەگەڵ ترامپ، کۆشکی سپی فەرمانی بە وەزارەتی دەرەوە و شوڕای ئاسایشی میللی دا کە ڕێگایەک بۆ داسەپاندنی تەحریم دژ بە "اخوان‌المسلمین" بدۆزنەوە.

"عبدالفتاح السیسی" کە لە ساڵی ٢٠١٤وە سەرکۆماری میسرە، هەڵوێستێکی توندی دژ بە "اخوان‌المسلمین" بووە. دەوڵەتی میسر ئەم گرووپەی بە تێرۆریست ناساندووە و ڕێبەری ئەم گرووپە، "محمد مرسی"، سەرکۆماری پێشووی ئەم وڵاتە، لە زیندان دایە.