کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پشتیوانیی ڕێژیمی ئێران لە حووسییەکان درێژەی هەیە

12:35 - 12 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: جێگری فەرماندەی گشتیی سپای تێرۆریستی پاسداران ڕایگەیاندووە: ئەگەر لە یەمەن بباین، ئێستە حووسییەکان لە عەرەبستاندا بوون.

سەرتیپ عەلی فەدەوی، جێگری فەرماندەی گشتیی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی هەینی، ١٠ی جۆزەردان، لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا باسی لەوە کردبوو، کە هەرچەندە به هۆی گەمارۆوەکانەوە ڕێگای یارمەتیگەیاندن بە حووسییەکان لە وڵاتی یەمەنمان لێ گیراوە، بەڵام ڕێژیمی ئێران هەر چەندە لە توانایدا بێت درێژە بە پشتیوانیکردن لە حووسییەکان دەدات.

فەدەوی بە ئاماژە بە حزووری ڕێژیمی ئێران لە سووریە وتی: ئەگەر ئێمە وەک چۆن لە سووریە هاتووچۆمان هەیە، ئاواش لە یەمەن هاتووچۆ و حزوورمان هەبایە، دۆخی شەڕەکە بە شێوەیەکی تر بوو و حووسییەکان ئێستا لە ڕیاز پێتەختی عەرەبستان بوون.

ڕێژیمی ئێران بەردەوام دەستێوەردانە نیزامییەکانی لە خاکی یەمەندا ڕەت کردووەتەوە، بەڵام چاوەدێرانی سیاسی دەڵێن: تاران چەک و سووتەمەنی بۆ میلیشیا چەکدارەکانی حووسی دەنێرێت.

ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، ساڵی ڕابردوو،  لە ڕاپۆرتێکدا بۆ ئەنجومەنی ئاسایش ڕایگەیاند، کە زۆرێک لە کەرەستەی مووشەکەکانی حووسییەکان، لە ئێرانەوە دروست کراون.

هەواڵدێری ڕۆیتێرز لە ڕاپۆرتێکدا نووسیویەتی: ناوگانی دەریایی ڕێژیمی ئێران لە ڕێگای سۆمالی پێداویستییەکانی گرووپە میلیشیا چەکدارەکانی حووسی دابیین دەکات. لە حاڵێکدا جێگری فەرماندەی گشتیی سپای تێرۆریستی پاسداران وتویەتی: به هۆی گەمارۆوەکانی عەرەبستان لەگەڵ هاوپەیمانە ئامریکا و ئورووپاییەکانی بۆ سەر حووسییەکان، ڕێژیمی ئێران ناتوانێت هاوکاری و یارمەتی زیاتر بدات.