کوردستان میدیا: ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە شاری مەهاباد، بە بۆنەی ٨ی مارس، ڕۆژی جیهانیی ژنان چالاکییان بەڕێوە برد.
ڕێکەوتی ١٣ و ١٤ی ڕەشەمە، ژنانی شۆڕشگێڕ و سەنگەرنشینانی شار لە شاری مەهاباد، بەپیر بانگەوازی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لەژێر ناوی "بڵێ نا و لە خەبات بەردەوام بە"وە هاتن و پشتیوانیی خۆیان بۆ ئەو بانگەوازە دەربڕی و خوازیاری ئازادی و یەکسانیی بۆ ژنان بوون.
چالاکانی ژن لە شاری مەهاباد، بە نووسینی دروشم و هەڵگرتنی پلاکارد پشتیوانی خۆیان بۆ ئەو بانگەوازەی ژنانی دێموکرات دەربڕی، کە دروشمەکان بریتی بوون لە: "ئازادیی ژنان، ئازادیی کۆمەڵگایە"، "ئازادی و یەکسانیی بۆ ژن"، "مەرگ و نەمان بۆ دیکتاتۆر".
یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە بانگهێشتنامەیەکەدا لەژێر ناوی "بڵێ نا و لە خەبات بەردەوام بە"، بە بۆنەی ٨ی مارسەوە؛ داوای لە ژنانی کوردستان کردووە، کەڵک لە سیمبۆلەکانی تایبەت بەو ڕۆژە وەربگرن و دژی زوڵم و نابەرابەرییەکان دەنگ هەڵبڕن.