کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پشکی ئێران بۆ کڕینی واکسەنی کۆرۆنا هەڵوەشایەوه

16:07 - 2 بەفرانبار 2720

"عەلی موتەهەری" جێگری پێشووی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی: ''پشکی ئێران بۆ کڕینی واکسەنی کۆرۆنا لە ڕێکخراوی تەندروستیی جیهان هەڵوەشاوەتەوە".

ئەو کاربەدەستەی ڕێژیمی ئێران باسی لەوە کردووە: "بەهۆی ئەویکەی ئێران ٥٠ ملیۆن دۆلار پارەی بۆ کڕینی واکسەن بۆ ٨ ملیۆن کەس تەرخان نەکردووە و هەروەها بوونی ئێران لە لیستی ڕەشی FATFدا، پشکی ئێران بۆ کڕینی واکسەنی کۆرۆنا هەڵوەشاوەتەوە".

کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران لەبارەی کڕینی واکسەنی کۆرۆنا قسەی پێکناکۆک دەکەن و هەر جارە و لێدوانێک دەدەن. لەلایەکی دیکەوە ئیدعا دەکەن کە خۆیان واکسەنی کۆرۆنا دروست دەکەن.

ڕێکخراوی FATF  کە گرووپی تایبەتی کاروباری ماڵییە لە ساڵی ١٩٨٩ی زایینی لە دانیشتنی سەرانی "جی ٧" لە پاریس بۆ بەربەرەکانێ لەگەڵ سپیکردەنەوەی پارە دامەزرا و لە ساڵی ٢٠١٥ وڵاتانی ئێران و کۆرەی باکوور وەکوو مەترسیدارترین وڵاتان بۆ سپیکردنەوەی پارە لەو ڕێکخراوە ناسران.

ڕێژیمی ئێران بۆ پاڵپشتیی دارایی لە گرووپە تێرۆریستییەکان و وڵاتانی هاوپەیمانی، لە مەجلیس ئەندامبوون لەو ڕێکخراوەیان ڕەت کردەوە و بووە هۆی ئەوی کە ئێران لە لیستی ڕەشی گرووپی کاروباری ماڵی ناوی تۆمار بکرێت.

ئەگەر ڕێژیمی ئێران بەردەوام بێت لە ڕەتکردنەوەی ئەندامبوون لە FATF و هاوکاریی ئەو ڕێکخراوە نەکات، لە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی، نیزامی ئابووریی لاوازتر دەبێت و بانک و دامەزراوە نێونەتەوەییەکان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران هاوکاری ناکەن.