کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پشکێنەرانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی سەردانی دووەمین شوێنی ناوکیی ئێرانیان کرد

11:29 - 10 رەزبەر 2720

ئاژانسی نیونەتەوەیی وزەی ناوکی ڕایگەیاندووە: "بەپێی ڕێککەوتنی پێشووتر لەگەڵ ڕێژیمی ئێران، پشکێنەرانی ئاژانس لە دووەمین شوێنی ناوکیی ئێران پشکنینیان کردووە و نموونەیان هەڵگرتووە".

ڕۆژی چوارشەممە ٩ی ڕەزبەر، "ڕافائێل گڕووسی" بەڕێوەبەری ئەو ئاژانسە وتوویەتی: "ئێران لە دوو ساڵی ڕابردوودا دەستی کردووە بە پیتاندنی ئورانیۆم  بەڵام ئەو ڕێژەیە هێشتا کەمتر لە ساڵێکی پێش ڕێککەوتنی ناوکی بووە".

هەروەها "ڕافائێل گڕووسی" وتوویەتی: "ئەگەرچی چالاکیی ناوکیی ئێران لە دوای ڕێککەوتننامەی ناوکی کەمی کردووە بەڵام هیچکات بەتەواوی ئەو چالاکییانە ڕانەوەستاوە".

"ڕافائێل" لە سەفەری مانگی خەرمانانی خۆی بۆ ئێران لە بەیانییەیەک لەنێوان خۆی و "عەلی ئەکبەر ساڵحی" سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ناوکیی ئێران، وێڕای جەختکردنەوە و ڕەزامەندیی هەردوو لایەن لەسەر هەرچی زیاتر پەرەپێدانی هاوکاریی دوولایەنە بە مەبەستی ئاسانکاری بۆ ڕێککەوتننامەی کۆتایی، ڕەزامەندیی ڕێژیمی ئێرانی بۆ ئیجازەدان بە پێشکێنەرانی ئاژانس لە دوو شوێنی دیکەی ناوکیی ئەو وڵاتە ڕاگەیاند.