کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"پلەی ستۆر" مۆبۆگرام دەسڕێتەوە

11:52 - 11 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: "گووگڵ پلەی" سەبارەت بە نائەمنبوونی ئەپی مۆبۆگرام، هۆشداریی بە بەکارهێنەرانی ئەو ئەپە داوە و هەروەها ئەو ئەپەی لە گووگڵ پلەیدا سڕیوەتەوە.

ناوەندی ئەمنییەتیی پلەی ستۆر، لە سڕینەوەی ئەپە سیخوڕییەکانی دروستکراوی ڕێژیمی ئێراندا بەردەوامە و لەو بابەتەوە هۆشداریی جیددیی بە بەکارهێنەرانی ئەو ئەپانە دەدات.

لە هەڵمەتێکی نوێدا، گووگڵ پلەی، ئەپێکی دروستکراوی ڕێژیمی ئێرانی بە ناوی "مۆبۆگرام"، لە پلەی ستۆر سڕیوەتەوە و سەبارەت بە سیخوڕیبوونی ئەو ئەپە، هۆشداریی بە بەکارهێنەرانی داوە.

هەروەها لە ڕێگای ناردنی ئاگادارکردنەوە بۆ بەکارهێنەرانی ئەو ئەپە سەبارەت بە نائەمنبوونی ئەو ئەپەیە، بەکارهێنەرانی ئاگادار کردووەتەوە و داوای کردووە کە لەسەر مۆبایلەکانیان بیسڕنەوە.

هەروەها لە مانگی ڕابردوودا، ناوەندی ئەمنییەتیی گووگڵ پلەی، دوو ئەپی سیخوڕیی "تیلێگرامی تەڵایی" و "هاتگرامـ"ی بە هۆی سیخوڕیبوونیان و نائەمنکردنی مۆبایلی بەکارهێنەران، لەسەر پلەی ستۆر سڕییەوە.

ئەپی مۆبۆگرام لە پێناسەکەی ئەو ئەپەدا نووسیویەتی کە ئەپێکی نافەرمیی تێلێگرامە و لە پاڵ تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی تێلێگرامدا، واتا ئەمنییەت و خێرایی، پێداویستیی دیکەشی بۆ بەکارهێنەرانی ئەو ئەپە دابین کردووە، لە حاڵێکدا کە گووگڵ پلەی ئەو ئەپەی بە هۆی نائەمنبوون سڕیوەتەوە.