کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"پلەی‌ ستۆر" یاریی "الدفاع المقدسـ"ـی ڕاگرت

11:48 - 30 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: "پلەی‌ستۆر"، دابەزاندنی یاریی سێ ڕەهەندیی "الدفاع المقدس" دروستکراوی حیزبوڵڵای  لە سیستم عامڵی ئەندرۆید ڕاگرت.

لەم یارییەدا سەرکەوتنەکانی حیزبوڵڵا و هێڵی بەرگرییەکانی لە بەرامبەر تەکفیرییەکانی نێو سووریە و ناوچەکەدا نیشان داوە.

ئەم هەوڵانەی کۆماری ئیسلامی و ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانی، بە مەبەستی ڕەواییدان بە کردارە تێرۆریستییەکانیان و هەروەها کاریگەریی لەسەر ڕوانگەی لاوان و چینی کاریگەریی لەسەر کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکرێت، کە زۆربەی کات لە لایەن فرۆشگاکانی ئەپەوە وەک "پلەی‌ستۆر" و "ئەپ‌ئستۆر" و... ڕادەگیرێن.

حیزبوڵڵای لوبنان جیا لەوەیکە لە بواری  نیزامی و سیاسییەوە بە هەموو تواناوە لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پشتیوانی ماددی و مەعنەوی لێ دەکرێت بەڵکوو لە بواری تکنیکی و پیشەییەوەش ڕێژیمی ئێران هاوکاری دەکات.

حیزبوڵڵای لوبنان و ڕێژیمی ئێران کە پشتیوان و هاوکاری یەکترن لە ماوەی ڕابردوشدا ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە دەنگ و ڕەنگ و میدیاکانی خۆیدا بە فەرمی لە ڤیدئۆیەکدا، باسی لە هێرشکردن و لەنێوبردنی ئیسرائیلی کرد و لە ڤیدئۆیەکدا  لەژێر ناوی "٧ خولەک هەتا تلافیڤ" باس لە چۆنیەتی هێرش بۆ سەر ئیسرائیل کرد.

مانگی جۆزەردانی ئەمساڵیش ڕێکخراوی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە ڤیدئۆیەکدا لەژێر ناوی "عاشق مبارزە" که لە لایەن دامەزراوەی تەبلیغاتیی "ئەوج"، بەرهەم هاتبوو، چۆنیەتی هێرش و لەشکرکشی بۆ سەر ئیسرائیل بڵاو کرابوویەوە.

لەو ماوەیەدا کە کۆنفڕانسی وەرشۆ و مونیخ بەڕێوە چوو بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بە فەرمی لە کۆنفڕانسی مونیخدا هەڕەشەیان لە ئیسرائیل کرد.

کارناسانی سیاسی لە بارەی ئەم ڤیدئۆیە باسیان لەوە کردووە، بڵاوکردنەوەی ئەم جۆرە گرتە ڤیدئۆیانە لە ئێستادا شتێکی مانادارە، چونکە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران ماوەیەکە بە جیددی هەڕەشەی هیرشی نیزامی بۆ سەر ئیسرائیل دەکات.