کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پلەی ١٥٥ی ئێران لە ئازادیی ئابووری

00:22 - 24 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: ئێران لە بواری ئازادیی ئابووری لە ئاستی جیهانیدا هاوتەریب لەگەڵ وڵاتانی ئانگۆلا، تۆگۆ، چاد، مالاوی و ئەفغانستان و لە پلەی ١٥٥ جێی گرت.

دامەزراوەی ئامریکایی "هریتیج" وەک ساڵانی ڕابردوو وڵاتانی جیهانی بەپێی پێوەری ئازادیی ئابووری پۆلێن کرد کە تێیدا ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لەنێو ١٨٠ وڵاتی جیهان پلەی ١٥٥ی بۆخۆی دەستەبەر کرد.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە هۆنگ‌کۆنگ بە ٩٠ ئیمتیازەوە وەک ئازادترین ئابووریی جیهان ناسێندرا و لە دوای ئەویش هەر کام لە وڵاتانی سەنگاپوور، نیوزیلەند، سوئیس، ئۆسترالیا، ئیرلەند، بریتانیا، کانادا، ئیمارات و تایوان جێیان گرت.

لە بەرامبەریشدا کۆرەی باکوور بە ٥ ئیمتیاز وەکوو داخراوترین وڵات و لە پاش ئەویش ڤێنزۆئێلا، کووبا، ئێریترە، کۆنگۆ، زیمبابوێ، گینە، بولیوی، تەیموور، ئەلجەزایێر و ئێکوادۆر پلەکانی کۆتایی ئەم خشتەیان بۆ خۆیان تۆمار کردووە.

ئێران بە ٥١ ئیمتیاز لە نێو گرووپی وڵاتانی داخراو لەباری ئابووری جێی گرتووە و بووەتە هاوتەرازی وڵاتانی ئانگۆلا، تۆگۆ، چاد، مالاوی و ئەفغانستان.