کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پلەی ١٤٠ی ئێران لە بواری یەکسانیی ڕەگەزی

12:45 - 9 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: بەپێی نوێترین ڕاپۆرتی کۆڕی جیهانیی ئابووری لە  ساڵی ٢٠١٧دا، وڵاتی ئێران لە بواری یەکسانیی ڕەگەزی پلەی ١٤٠ی لە جیهاندا هەیه.

لە نوێترین ڕاپۆرتی کۆڕی جیهانیی ئابووری کە لە ساڵی ٢٠١٧دا بڵاو کراوەتەوە، ئێران پلەی ١٤٠ی لە بواری یەکسانیی ڕەگەزیدا هەیە. لەو ڕاپۆرتەدا باس لەوە کراوە، وڵاتی ئێران بە هۆی ئەوەی که یەکسانیی ڕەگەزیی تێدا بەرچاو ناگیرێت، لە نێو ١٤٤ وڵاتی جیهاندا پلەی ١٤٠ی هەیه.

لە ڕاپۆرتی کۆڕی جیهانیی ئابووری، وڵاتانی ئیسلەند وەک باشترین وڵاتی جیهان پلەی یەکەمی هەیە، کە ئەو وڵاتە نایەکسانیی مووچەی لە نێوان ژن و پیاودا بە نایاسایی ڕاگەیاندووە.

لە پلەی دووهەمی ئەو ڕاپۆرتەدا وڵاتی نۆروێژ هاتووە، کە یەکسانیی ڕەگەزی لە بەرچاو دەگرێت.

کۆڕی جیهانیی ئابووری لە ساڵی ٢٠٠٦ی زایینیدا، نوێترین راپۆرتی خۆی لە بارەی کەلێنی چینایەتی بڵاو کردووەتەوە، کە لەو پێوەرە بۆ دیاریکردنی یەکسانیی ڕەگەزی کەڵکی لێ وەر دەگیرێت.

هەڵاواردنی ڕەگەزی، توندوتیژی لە دژی ژنانە و بوار بۆ توندوتیژیی جەستەییش دەڕەخسێنێت. بە لەبەرچاوگرتنی کاری نێوماڵ، ژنان ٦٠ لەسەدی کارەکانی جیهان بەڕێوە دەبەن. بەڵام تەنیا ١٠ لەسەدی داهاتی جیهان و یەک لەسەدی خاوەنداریەتیی جیهانییان پێ ‌دەبڕدرێت.

بەپێی راپۆرتی کۆڕی جیهانیی ئابووری کە ساڵی ٢٠١٣ بڵاو بووە، کەلێنی ئابووریی نێوان ژنان و پیاوان لە زۆر وڵاتی جیهان کەم بووەتەوە، لە ڕاپۆرتەکەی کۆڕی جیهانیی ئابووریدا هەڵاواردن و کەلێنی ئابووری، پەروەردەیی، تەندروستی و دەسەڵاتی سیاسی، لە نێوان ژنان و پیاوان‌ لە ١٣٦ وڵاتی جیهاندا تاوتوێ کراوە، کە ئێران لە پلەی ١٣٠‌دا بوو.

ئەو ڕاپۆرتە دەرخەری هەڵاواردنی زۆر لە دژی ژنانە لەم وڵاتەیە. بنەماڵە، کۆمەڵگا و دەسەڵات هەرکام بەرپرسی بەشێک لە کێشەکانی ژنان و هەڵاواردن و توندوتیژی لە دژی ژنانن؛ هۆکارەکانی توندوتیژی دژی ژنان لە بنەماڵە و کۆمەڵگادا زیاتر ڕیشەی لە فەرهەنگدا هەیە، بەڵام ڕۆڵی دەسەڵاتیش کاریگەریی خۆی هەیە، کە لە ئێراندا ڕێژیمی بە هەڵاواردنی ڕەگەزی بواری توندوتیژی زیاتر بە دژی ژنان لە کۆمەڵگادا دەڕەخسێنێت.

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، هەر لە سەرەتای هاتنە سەرکارییەوە، بە هۆی ئیدئۆلۆژیکبوونییەوە بە شێوەیەکی سیستماتیک هەڵاواردنی بەربڵاوی بە دژی ژنان دەست پێ کردووە.